Emre Karaca
08 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2021
ئەنقەرە - AA
ئەندامی بەرپرس لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا، جانێز لێنارچیچ ئەوەی ئاشکرا کرد کە تورکیا لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین پەنابەری داڵدەداوە و لەبەرامبەر ئەو بەخشندەیی و میواندۆستییەیدا، شایەنی ستایشە.
جانێز لێنارچیچ کە لەئێستادا بە مەبەستی بەشداریکردن لە پڕۆگرامێکی سندوقەکانی یەکێتیی ئەورووپا بەناوی "پڕۆگرامی هاوکاریی گونجانی کۆمەڵایەتیی" لە شاری ئەنقەرەیە، لێدوانی بۆ پەیامنێری ئانادۆڵو دا و باسی لە هەڵوێستی تورکیا لە بەرامبەر لێشاوی کۆچی نایاساییدا کرد، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە یەکێتیی ئەورووپا ئامادەیە لەم بوارەدا هاوکاری زیاتری تورکیا بکات.
ئەندامی بەرپرس لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا، جانێز لێنارچیچ گوتیشی: "تورکیا لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین پەنابەری داڵدەداوە و لەبەرامبەر ئەو بەخشندەیی و میواندۆستییەیدا شایەنی ستایشە. یەکێتیی ئەورووپا دان بە میواندۆستی و بەخشندەیی تورکیادا دەنێت، ئامادەشە لەم بوارەدا هاوکاری تورکیا بکات. هەربۆیە زیاتر لە پێنج ساڵە یەکێتییەکە پشتیوانی 'پڕۆگرامی هاوکاریی گونجانی کۆمەڵایەتیی' دەکات کە تایبەتە بە هاوکاریکردنی پەنابەران. لە چوارچێوەی ئەم پڕۆگرامەدا تا ئێستا یەکێتیی ئەورووپا بەرپرسیارییەتی پێدانی شەش ملیار یۆرۆی بە تورکیا لە ئەستۆگرتوە، تا ساڵی ٢٠٢٤یش سێ ملیار یورۆی دیکە دەبەخشێتە تورکیا".
لێجانێز نارچیچ لە درێژەی گوتەکانیدا باسی لەو قەیرانەی کۆچبەرانیش کرد کە لەسەر سنووری بێلاڕووس-پۆڵەندا دروست بووە و رایگەیاند "ئەمە قەیرانێکی دروست کراوە کە لە پشتییەوە سەرکۆمار و دەسەڵاتدارانی بێلاڕووس هەن، ئامانجیشیان دروستکردنی فشارە لەسەر وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، بەڵام یەکێتیی ئەورووپا رەفتارێکی لەم چەشنە قبوڵ ناکات".