Fakhradin Ibrahim Mohammad
23 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 24 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە بەرپرسی نووسینگەی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان، ماری پارێ و شاندێكی یاوەری كرد.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە لە كۆبوونەوەیەكدا، نێچیرڤان بازرانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە ماری پارێ كردووە و هیوای سەركەوتنی لە ئەركی نوێیدا بۆ خواستووە، هەروەها جەختى کردووەتەوە لە خواستى پتەوكردنی بوارەکانى هاریکارى و پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ یەكێتیی ئەورووپا و دوایین سەردانى بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایش لە یەكێتیی ئەورووپا، جۆزێف بۆرێل بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان بە گرنگ لە قەڵەمداوە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە ماری پارێ پوختەیەكی لە كار و چالاكییەكانی یەكێتیی ئەورووپاى لە عیراق و هەرێمی كوردستان خستووەتەڕوو، هەروەها سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كردووە بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە كاتی سەردانیدا بۆ هەرێمی كوردستان لە جۆزێف بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایش لە یەكێتیی ئەورووپا كراوە و گوتى: " جۆزێف بۆرێل بە پەرۆشەوە چاوەڕێیە لە بڕۆکسل دیدار و کۆبووەنەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى ئەنجام بدات".
راشیگەیاندووە کە تاوتوێكردنی هەڵبژاردن و پێشبینییەکان بۆ داهاتووى عێراق، رۆڵی یەكێتیی ئەورووپا لە دابینكردنی تیمی چاودێریی بۆ هەڵبژاردن، پەیوەندییەکانى هەولێر-بەغدا و گرنگیى چارەسەرکردنى کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور، پرسی گۆڕانی ئاووهەوا و كاریگەری لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان و سوودمەندبوونی هەرێمی كوردستان لە پرۆژەكانی یەكێتیی ئەورووپا لەمابەرەیەوە، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بووە.