Hemn Baban
14 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 15 کانوونی دووەم 2019
ھەولێر - AA
ساڵی ٢٠١٨ قوربانییانی مین و تەقەمەنی ٣٥ کەس بوون کە ٢١یان گیانیان لەدەستداوە و ١٤شیان برینداربوون.
ئەمڕۆ دووشەممە دەزگای گشتی کاروباری مین لە ھەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی بۆ سەرۆکی دەزگا لەبارەی ئەو مین و تەقەمنییانەی لە ساڵی رابردوو لەناوبراون و رووبەری ئەو زەوییانەی پاککراونەتەوە و چەندین پرسی دیکەی پەیوەست لە ھەولێر بەست.
لەو کۆنگرەیەدا سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین لە ھەرێمی کوردستان، سیراج بارزانی تیشکی خستە سەر ئەو رووبەرەی ساڵی رابردوو لە لایەن دەزگاکەیان و رێکخراوەکانەوە لە ھەرێمی کوردستان لە مین و تەقەمەنی پاککراونەتەوە و لەوبارەیەوە رایگەیاند "لە ساڵی ٢٠١٨دا، رووبەڕی گشتی زەوی پاککراوە لە مین و تەقەمەنی لە ھەرێمی کوردستان بریتیی بووە لە شەش ملیۆن و ٤٢٥ ھەزار و ١٦٤ مەتردووجا، لەو بڕە زیاتر لە پێنج ملیۆن مەتردووجا لە لایەن خودی دەزگای گشتی کاروباری مینەوە و یەک ملیۆن لە لایەن رێکخراوەکانەوە، پاککراونەتەوە".
سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین لە ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە ژمارەی مین و تەقەمەنیی لەناوبراویش ئاشکرایکرد "ژمارەی مینی لەناوبراو بریتی بووە لە سێ ھەزار و ٨٩١ مین کە سێ ھەزار و ٨٣٢ مینی دژە کەس و ٥٩شیان مینی دژە تانک بوون، لەوانە زیاتر لە سێ ھەزاریان لە لایەن دەزگای مینەوە لەناوبراون، ھەرچی ئەوی دەمێنێتەوە لە لایەن رێکخراوەکانەوە لەناوبراون".
سیراج بارزانی گوتیشی: "ژمارەی پارچەی تەقەمەنی لەناوبراو بریتی بووە لە ١٦ ھەزار و ٧١٤ پارچە، ژمارەی کەرەستەی تەقەمەنیی سەرپێی بریتیی بووە لە ھەزار و ٦٤٧ بووە".
سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین لە ھەرێمی کوردستان، سیراج بارزانی لەدرێژەی قسەکانیدا لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن کە ئاژانسی ئانادۆڵوش ئامادەی بووبوو روونیکردەوە "ژمارەی کێڵگەی مین کە پاککراونەتەوە و دوای پاککردنەوەیان رادەستی خاوەکانیان کراونەتەوە بریتی بوون لە ٦٥ کێڵگە".
ئەو گوتیشی: "ژمارەی ئەو کەسانەی کە سوودمەندبوون لە بەرنامەی ھۆشیارکردنەوە لە مەترسییەکانی مین بریتی بوون لە ١٧١ ھەزار و ٨٨١ کەس، ھەروەھا ١٩ خولی راھێنان کراونەتەوە و ژمارەی سەرکەوتووانی ئەو خولانەش بریتی بوون لە ٣٢٨ کەس".
سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین لە ھەرێمی کوردستان، سیراج بارزانی سەبارەت بە قوربانییانی مین و تەقەمەنیش لە ساڵی ٢٠١٨ گوتی: "ھەرچی بەرکەوتووانی مین و تەقەمەنی بوون بۆ ساڵی ٢٠١٨ ئەوا بریتیین لە ٣٥ کەس، لەو ژمارەیە ٢١ کەسیان گیانیان لە دەستداوە و ١٤شیان بریندار بوون".
سیراج بارزانی باسی لەوەش کرد کە مۆڵەتی رێکخراو و کۆمپانیاکانیشیان نوێ کردووەتەوە و مۆڵەتی نوێشییان بەخشیوە و گوتی: "لە ساڵی رابردوو مۆڵەت بە دوو رێکخراو و کۆمپانیای بیانی دراوە بۆ کارکردن و مۆڵەتی ٢٥ رێکخراو و کۆمپانیای ئەم بوارە نوێ کراونەتەوە کە ١١یان کۆمپانیا و ١٤شیان رێکخراو بوون، ھەر لەو ساڵەدا، دوو ھەزار و ٦٧٨ سەردانی چاودێرانی دڵنیایی جۆری بۆ کێڵگەی مینەکان ھەبوون".
سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین لە ھەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووسانیشدا گوتی: "ھێشتا لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٢٢٠ ملیۆن مەتردووجا ماوە کە لە مین پاکبکرێنەوە، زیاتر لە ٨٠٠ ملیۆن مەتردووجا لە سەرەتای کارکردنمانەوە کارمان لەسەر کردووە و ئێستا تەنھا ئەو ٢٢٠ ملیۆن مەتردووجایە ماوە".
باسی لەوەشکرد کە پێشتر شەڕی داعش کارەکانی ئەوانی قورسکردبوو بەتایبەت لە ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧.
سیراج بارزانی ھەروەھا ئەوەشی گوت "پارێزگای سلێمانی پڕمینڕێژترین پارێزگای عێراقە، چونکە سنووری زۆری لەگەڵ ئێران ھەیە و پێشتر لە شەڕی ئێران-عێراق مینێکی زۆر لەوێ چێندراون".