Rewa Mahmood Hasan
22 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2020
سلێمانی - AA
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین لە سلێمانی 200 دانە مین و تەقەمەنی کۆکراوەی ناوچە جیاوازەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی لە ناوچەیەکی پارێزراو لە ناحیەی قادرکەرەم تەقاندەوە و لەناوی بردن.
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین لە سلێمانی، موحسین عەبدولکەریم بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "ئەم مین و تەقەمەنییانەی ئەمڕۆ لێرە چارەسەری دەکەین بەشێکە لەو مینانەی کە لەماوەی کەرەنتینی گشتی لە هەرێمی کوردستان لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای سلێمانی کۆمان کردووەتەوە و بەپێی بەرنامەیەک لەم شوێنەدا چارەسەریان دەکەین و دەیانتەقێنینەوە".
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین لە سلێمانی راشیگەیاند "لە هەر شوێنێک لە سنووری پارێزگای سلێمانی زانیارییمان پێبدرێت لە بوونی پاشماوەکانی مین و تەقەمەنی بەزوویی تیمەکانمان دەنێرینە شوێنەکە و چارەسەری دەکەین، لە پەیجی فەرمی بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینیش ژمارە تەلەفۆنێکمان داناوە و هەر هاووڵاتییەک لە هەر شوێنێک هەستی بە بوونی پاشماوەکانی چەک و تەقەمەنی و مین کرد پەیوەندییمان پێوەبکات ئێمە بە زوویی تیمی تایبەت دەنێرین و شوێنەکە پاکدەکەینەوە".
لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەپێی ئاماری فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین 234 ملیۆن مەتر چوارگۆشە زەوی بە پیسبووی مین دادەنرێت و لەو رووبەرەش بە هەوڵی رێکخراو و کۆمپانیا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری مین تاوەکو ئێستا نزیکەی یەک لەسەر سێی پاککراوەتەوە کە بە 77ملیۆن مەتر چوارگۆشە دەخەمڵێندرێت و هێشتا رووبەری 157 ملیۆن مەتر چوارگۆشە زەوی پیسبوو بەمین ماوەتەوە.
قوربانییەکانی بەرکەوتەی مینیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی، حەوت هەزار و 100 کەس بەرکەوتەی مین و تەقەمەنین و لەو ژمارەیە هەزار و 100 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و شەش هەزار کەسیشیان کەمئەندام بوون.