Ömer Tuğrul Çam
16 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 16 حوزەیران 2023
برۆکسل - AA
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەنس ستۆڵتنبێرگ رایگەیاند دژه هێرشی سوپای ئۆکراینا بۆ سهر هێزەکانی رووسیا بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە و پێویستە پشتیوانیی سەربازی بۆ ئۆکراینا بەردەوام بێت.
یەنس ستۆڵتنبێرگ لە دەستپێکی کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی ناتۆ و ئۆکراینادا کە لە میانی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی ناتۆ لە برۆکسل بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکەش کرد.
ستۆڵتنبێرگ ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە ئۆکراینا لەم دواییانەدا هێرشی پێچەوانەی لە دژی رووسیا دەست پێکردووە و گوتی: "ئۆکراینا بەرەوپێشچوونی بهدهستهێناوه. پێویستە بەردەوام بین لە دابینکردنی کەلوپەلی سەربازی، چەک و تەقەمەنی بۆ ئۆکراینا و پشتیوانییەکانمان زیاتر بکەین".
ئاماژەی بەوەش دا کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا باس لە پاڵپشتیکردنی زیاتری ئۆکراینا دەکەن و رایگەیاند، دەیانەوێت سندوقێک پێک بهێنن بۆ دەستەبەرکردن کەرەستەی سەربازی.
سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، مارک میڵی لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای ناتۆ لە برۆکسل ئاماژەی بەوە دا ئۆکراینا لە دژه هێرشی بۆ سهر هێزەکانی رووسیادا بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و گوتی: "وەک ئەوەی چاوەڕوانی دەکەین، ئەمە رووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت دەبێت. سەرنجمان لەسەر دابینکردنی پێداویستییەکانی ئۆکراینا چڕکردووەتەوە".