Hemn Baban
30 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2018
هەولێر -AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی لە بنکەیەکی پیرمام بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کرد.
بارزانی دوای ئامادەبوونی لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان و نیشاندانی بەڵگەنامەکانی، دەنگی خۆی بەکار هێنا.
کاتژمێر نۆی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی لە بنکەی سەری بڵند لە پیرمام دەنگی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا بۆ ژمارەیەک لە دەزگاکانی راگەیاندن رایگەیاند "پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەم و جارێکی دیکەش ئەو دەرفەتە بۆ ئێمە رەخسا بە ئازادی دەنگی خۆمان بدەین و نوێنەرانی خۆمان بۆ پەرلەمان ھەڵبژێرین، داوا دەکەم پڕۆسەی ھەڵبژاردن بەھیمنی بەرێوەبچێت ئەمە بەڵگەی پێشکەوتنی گەلی کوردستانە کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە مومارەسەی مافی خۆی دەکات لە پڕۆسەیەکی دیموکراسییانە".
ھەروەھا گوتیشی: "داوای سەرکەوتن بۆ ھەموو لایەک دەکەم و لە ئەنجامدا ئەم ھەڵبژاردنە سەرکەوتنی گەلی کورد و گەلی کوردستانە".
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە درێژەی قسەکانیدا کە ئاژانسی ئانادۆڵوش دەیگواستنەوە گوتی: "لە ئەنجامدا ھەموو برای یەکین و دەبێت پێکەوە ھاوکاربین، لەم ھەڵبژاردنە میللەت بڕیار دەدات ھەر لایەنێک قورسایی چەندە، بەڵام ئێمە ھەموومان پێویستمان بەیەکتر ھەیە و دەبێت ھەموو پێکەوەبین و لە ئەنجامدا ھەموو لە خزمەتی کورد و کوردستاندا دەبین".
لە هەرێمی کوردستان کاتژمێر هەشتی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١٨، ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان دەستیپێکرد.
بۆ ھەڵبژاردنی گشتی، پێنج هەزار و ٩٤١ بنکەی دەنگدان تەرخانکراوە و دوو ملیۆن و ٩١٤ هەزار و ٩٩٢ کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
بۆ ئەم پڕۆسەیە، ٢٩ قەوارەی سیاسی کە ژمارەی کاندیدەکانیان ٧٧٣ کاندیدە کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ١١١ کورسی دەکەن.