Sarmand Hameed
23 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، ستیفن ھیکی کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا کە کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە ھەولێر، جەیمس سۆرۆنتن ئامادەی بوو، مەسرور بارزانی ھیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆز و کونسوڵی گشتی بەریتانیا خواست بەبۆنەی کۆتایی ھاتنی ئەرکەکانیان و ستایشی ھەوڵ و کۆششەکانی کردن لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان.
لەلای خۆیەوە، باڵیۆزی بەریتانیا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی ھاوکاریی ھێزی پێشمەرگە کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
چاکسازییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و ھەنگاوەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا و گرنگیی ھاوکاریکردنی ھەرێم بۆ دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.