Kasım İleri
19 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2019
واشنتۆن-AA
وەزیری وزەی ئەمریکا، ریک پێری لەبارەی گواستنەوەی تەکنەلۆجیای ئەتۆمی بۆ سعوودیە نامەیەکی نیگەرانی و مەترسییەکانی ئەمریکای گەیاندە وەزیری پێشووی وزەی سعوودیە، خالد بن عەبدلعەزیز فالح.
ریک پێری رایگەیاند کە لە چواری ئەیلوولدا لەبارەی گواستنەوەی تەکنەلۆجیای ئەتۆمی بۆ سعوودیە نامەیەکی تایبەت بە نیگەرانییەکانی ئەمریکای گەیاندۆتە سعوودیە و تیایدا هاتووە بەو مەرجەی ریاز نەچێتە نێو چالاکییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم، دەتوانێت تەکنەلۆجیای ئەتۆمی لە ئەمریکا بکڕێت.
وەزیری وزەی ئەمریکا لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئیدارەی ئەمریکا لەبارەی فرۆشتنی تەکنەلۆجیای ئەتۆمی بە سعوودیە رێگە بە کارکردن نادات لەگەڵ کۆریای باشوور.
پێشتر ئیدارەی کۆریای باشوور رایگەیاندبوو کە نیازی هەیە ریاکتۆری ئەتۆمی بە ریاز بفرۆشێت، بەڵام ئەمریکا بەبیانووی ئەوەی ریاکتۆرە ئەتۆمییەکان تەکنەلۆجیای ئەمریکی تیادایە، دژی ئەو داوایە وەستابوویەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدلعەزیز لە هەشتی ئەیلوولدا خالد بن عەبدلعەزیز فالح-ی لە کارەکەی دوورخستبوویەوە و لەبری ئەو کوڕەکەی خۆی شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان-ی دانابوو.
هاوکات بڕیاربوو کە وەزیری وزەی ئەمریکی لەگەڵ هاوتا سعوودیەکەیدا لە ڤیەننا و لە کۆبوونەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی چاویان بەیەک بکەوێت، بەڵام بە هۆی هێرشەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆوە، وەزیری وزەی سعوودیە سەردانی ڤیەننای نەکردبوو.
پێرێ سێشەممە، وەزیری وزەی ئەمریکا، ریک پێری لە ڤیەننا رایگەیاندبوو کە بەمەرجی چاودێریکردنی وردی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، تەکنەلۆجیای ئەتۆمی دەدەن بە سعوودیە.