جدە
وڵاتی سعودیە رۆژی ٥ی تشرینی دووەم، ھەڵمەتی دەستگیرکردنی کرێکاری بیانی کە بە "نا یاسایی" چوونەتە ئەو وڵاتە دەستپێکرد و تا ئێستا ھەزاران کرێکاری رەوانەی وڵاتانی خۆیان کردووەتەوە.
بەپێی لێدوانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی گرتووخانەکانی سعودیە، لە کۆی ٣٣ ھەزار کرێکاری نایاسایی دەستگیرکراو، ١٤ ھەزارو ٣٠٠ کرێکار نێردراونەتەوە وڵاتەکانیان.
بەھۆی ئەو ھەڵمەتەوە، زۆربەی شوێنی کار لەو وڵاتە لەبەر نەبوونی کرێکار داخراون و بازرگانان ئاماژە بە دەستنەکەوتن و بەرزبوونەوەی کرێی کرێکاران دەکەن. ھەروەھا زۆربەی بازرگانان ھۆشدارییان داوەتە حکومەت ئەگەر ئەو بارەی ئێستا بەردەوامبێ ئەوا تووشی ھەرەسی ماڵی دەبن.
حەفتەی رابردوو زیاتر لە ٥٠٠ کرێکاری ئەفریقایی، گردبوونەوەی ناڕەزاییان لە شەقامی مەنسوری شاری مەککە ئەنجامدا، تیایدا ئیدانەی حکومەتی سعودیەیان کرد، دواتر لەنێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران ئاڵۆزیی ھاتە ئاراوە.