Muhammet Ali Kemal
06 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 07 کانوونی دووەم 2016
وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف لە تاران لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشی ساز کرد و ئاماژەی دا کە ئێران هەوڵی هێمنکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە دەدات و لە بەرامبەریشدا سعوودیە بەردەوامە لە درێژەدان بە گرژییەکان.
جەواد زەریف گوتی: "لە ماوەی دوو ساڵ و نیودا ئێران، هەنگاوی ناوە بەرەو برایەتی و رێککەوتنی دوولایەن و هاریکاری لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەڵام سعوودیەی دراوسێمان بەتەواوەتی بەئاراستەیەکی پێچەوانە هەڵوێستی نواندووە".
وەزیری دەرەوەی ئێران نموونەی هەوڵەکانی ئێرانی لە دژی سعوودیە هێنایەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لە پرۆسەی دانوستانەکانی ناوەکی ئێران و وڵاتانی ٥+١، سعوودیە هاوشانی ئیسرائیل هەنگاوی ناوە و هەڵوێستی نواندووە، ئەمە جگە لەوەی لە دابەزاندنی نرخی نەوتدا رۆڵی بینیوە، باسی لەوەش کرد هەڵکشانی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە هێز نییە بەڵکو نیشانەی لاوازییە.
- هێرش بۆ سەر نوێنەرایەتییەکانی سعوودیە
زەریف لە گوتەکانیدا ئاماژەی بۆ هێرشەکانی سەر نوێنەرایەتییەکانی سعوودیە لە تاران و مەشهەد کرد و گوتی: "رووداوەکانی رۆژی شەممەی مەشهەد و تاران بەهیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵکردن نییە. هەموو بەرپرسانی ئێران ئەم رووداوانەیان بە توندترین شێوە ئیدانە کردووە".
وەزیری دەرەوەی عێراق ئیبراهیم جەعفەری لەو پرێس کۆنفڕانسەدا ئاماژەی بۆ هاوبەشی مێژوویی کولتووریی عێراق لەگەڵ هەریەک لە ئێران و سعوودیە کرد و گوتی: "لەگەڵ هەردوو وڵات پەیوەندی مێژوویی جوگرافی و کولتووریمان هەیە. بەمەبەستی هێمنکردنەوەی گرژییەکانیش وەک عێراق ئامادەی ئەنجامدانی هەر کارێکین کە پێویست بێت".