Sangar Hamad Azeez
06 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 07 کانوونی دووەم 2016
سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما بە ئامانجی كەمكردنەوەی رووداوی پەلاماری چەكداری لە ئەمریكا، بڕیارێكی نوێی لە بارەی فرۆشتنی چەك دەركرد.
سەبارەت بە بابەتەكەش بە ئامادەبوونی سەرۆك باراك ئۆباما و جۆ بایدین-ی جێگری و خێزانی بەشێك لەو هاووڵاتییانەی كە بە پەلاماری چەكداری كوژرا بوون كۆنگرەیەكی زۆرژنامەوانی ساز كرا.
بەر لە دەستپێكردنی گوتەكانی باراك ئۆباما بانگی مارك باردن باوكی ئەو قوتابیەی كرد كە لە قوتابخانەی سەرەتایی ساندی هووك لە شارۆچكەی نیوتن لە ساڵی ٢٠١٢ دا لە پەلامارێكدا كوژرا.
ئۆباما تیشكی خستە سەر ئەوەی كە بەهۆی پەلاماری چەكداریەوە لە ئەمریكا هاووڵاتییەكی زۆر گیان لەدەست دەدەن و گوتی: " ساڵانە زیاد لە ٣٠ هەزار كەس بە هۆی پەلاماری چەكداریەوە دەكوژرێن".
سەرۆكی ئەمریكا جەختی كردەوە لەوەی كە خەڵكی ئەمریكا كەسانی توندوتیژ نین و گوتی: "بەپێی دەستووری ئەمریكا هاووڵاتییان دەتوانن ببنە خاوەن چەك، بەڵام پێشووتریش باسم كرد دەبێت یاساكان بە شێوەیەك رێكبخەین كە ببێتە هۆی كەمكردنەوەی توندوتیژییەكان.
ناوبراو گوتی: "بە پێی دەستوور تەنیا لێكۆلینەوە لە پێشینەی ئەو كەسانە دەكرێت كە چەك دەفرۆشن، بەڵام پێویستە لێكۆلینەوە لە پێشینەی ئەو كەسانەش بكرێت كە چەكە دەكڕن، واتە پێویستە بازنەی لێكۆلینەوەكان فراوانتر بكرێت".
باراك ئۆباما گوتی: "پێویستە یاساكان بۆ هەموو كەسێك وەك یەك بێت بەبێ جیاوازی كردن و هەروەها لێكۆلینەوە بۆ ئەو پێشینەی ئەو كەسانەش بكرێت كە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە چەك دەكڕن. هەروەها هەركەسێك چەك بفرۆشێت لە هەر پۆست و شوێنێك بێت دەبێت لێكۆلینەوە لە پێشینەی ئەو كەسە بكرێت".
سەرۆكی ئەمریكا گوتی: "بە مەبەستی بەرگرتن لە دیاریدەی پەلاماری چەكداری لەمەودوا ٢٠٠ لێكۆلەرە بۆ بابەتە زیاد دەكەین و دەبێت وەڵامی دیارنەمانی ئەو كەسانەی چەك دەفرۆشن یاخود ئەو چەكانەی كە دەدزرێن دەستمان بكەوێت. هەرەوەها ئەو كەسانەشی كە چەك دەكڕن سەرەڕای ئەوەی پێشینەیەكی پاكیان هەبێت دەبێت بەڵگەی ئەوەیان پێ بێت كە كێشەی دەرونیان نییە. بۆ ئەم مەبەستەش بوودجەیەك بە بڕی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار ئامادە دەكەین".
باراك ئۆباما تیشكی خستە سەر ئەوەی كە ئەو چەكانەی دەفرۆشرێن دەبێت چەكی باش بن و لە رووی تەكنیكیەوە كێشەیان نەبێت و گوتیشی: "بە دڵنیایەوە ناتوانین رێگە لە تەواوی توندوتیژیەكان بگرین، بەڵام تەواوی هەوڵی خۆمان دەدەین تاوەك رێگە لەو دیاردەیە بگرین. دوای روودانی پەلامارەكەی ساندی هووك، كەسێك لە چین هەوڵیدا بە چەقۆ كۆمەڵێك منداڵ بكوژێت رەنگە زۆربەتان ئەو رووداوەتان لەبیر بێت. ئێمە ناتوانین گیانی هەموو كەسێك رزگار بكەین. بەڵام رەنگە بتوانین گیانی بەشێكی زۆری هاووڵاتییان رزگار بكەین، دەتوانین رێژەی پەلاماری چەكداری كەم بكەینەوە".
ئۆباما بە گریانەوە باسی لە پەلامارەكەی قوتابخانەی سەرەتایی ساندی هووك كرد لە شارۆچكەی نیوتن كە گەنجێك لە ساڵی 2012 بە چەك ٢٧ كەسی كوشت كە ٢٠یان منداڵ بوون و دواتر خۆشی كوشت.
سەرۆكی ئەمریكا گوتی: "هەركاتێك بیر لە كوشتنی ئەو منداڵانە دەكەمەوە كە بە بەچی جۆرێك كوژران و بیر لە خێزانی ئەو منداڵانە دەكەمەوە وەك شێتم لێ دێت".