Muhammet Ali Kemal
06 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 07 کانوونی دووەم 2016
بەریتانیا و چین راگەیەنراوێكی هاوبەشیان سەبارەت بە كێشەی سووریا بڵاوكردەوە. لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە دۆخی مرۆیی لە سووریا گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار و ١٣ ملیۆن و 500 هەزار كەس لەو وڵاتە پێویستیان بە هاوكاریی مرۆیی بەپەلە هەیە.
بەپێی ئەو روونكردنەوەی نووسراوەی لەلایەن وەزارەتی درەوەی چینەوە بڵاوكراوەتەوە، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا فلیپ هامۆند كە بەسەردانێكی فەرمی لەو وڵاتەیە، سەرلەئێوارەی دوێنی لە پەكینی پایتەخت لەگەڵ هاوتا چینییەكەی ڤانگ یی كۆبووەتەوە. لەدوای كۆبوونەوەكەشەوە هەردوولا راگەیەنراوێكی هاوبەشیان سەبارەت بە هاندانی چارەسەركردنی قەیرانی سووریا بڵاوكردەوە.
لەراگەیەنراوەكەدا باس لەوەكراوە چین و بەریتانیا لەپاڵ ئەوەی لەوە نیگەرانن كە بەهۆی قەیرانی سووریاوە، ناوچەكە و دەورووبەر ناسەقامگیر بوون و دۆخی مرۆیی بەرەو خراپی چووە و تیرۆر و توندوتژی بوونەتە هەمیشەیی، لەوەش دڵتەنگن كە بەهۆی قەیرانەكەوە ملیۆنەها كەس كاریگەری نەرێنییان كەوتووەتە سەر و ژیانیان لێ تێكچووە.
باس لەوەش كراوە كە لە پێكدادانەكانی سووریادا سەدان هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە و ملیۆنەهای دیكەش ناچار بوون كۆچ بكەن.
لەراگەیەنراوەكەی بەریتانیا و چیندا باس لەوەكراوە كە دۆخی مرۆیی لە سووریا گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار و ١٣ ملیۆن و 500 هەزار كەس لەو وڵاتە پێویستیان بە هاوكاریی مرۆیی بەپەلە هەیە و داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كراوە كاری زیاتر بۆ سووریا ئەنجامبدات و كۆنفرانسی لەندەن كەبڕیارە لە مانگی شوباتی داهاتوودا بەبەشداری زیاتر لە ٦٠ وڵات بەڕێوەبچێت سەبارەت بە دۆخی سووریا تێیدا پشتیوانی بەپەلە و درێژخایەن بۆ ئەو وڵاتە بڕیاری لێوە بدرێت و هاوكات هەمووان بگەنە رایەكی یەكگرتوو سەبارەت بە داواكارییەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاوكاریكردنی سووریا.