Sarmand Hameed
20 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2018
قاهیرە - AA
سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی رایگەیاند کە خۆی بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی کۆماری وڵاتەکەی کاندید دەکاتەوە لەو هەڵبژاردنەی کە بڕیارە مانگی ئاداری داهاتوو لەو وڵاتە بەڕێوەبچێت.
لەمیانی بەشدارییکردنی لە رێوڕەسمی کۆتایی کۆنگرەی "چێرۆکی نیشتمان" کە ماوەی سێ رۆژ بوو لە قاهیرە بەڕێوەدەچوو، بۆ ئاشکراکردنی هەژماری خولی یەکەمی سەرۆکایەتی، سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە گوتارەکەیدا سیسی گوتی: "رێگەم پێ بدەن و کاندیدکردنەوەم بۆ خولێکی دیکەی سەرکۆماری لێ قبوڵ بکەن و متمانەی خۆتانم پێ ببەخشن بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی".
سیسی رووی قسەکانی کردە گەلی میسر و گوتی: "ئەوەی لە ئێوەی دەخوازم ئەوەیە کە ئاستی بەشداریکردنتان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بۆ هەموو جیهان نیشان بدەن جا هەر کەسێک هەڵدەبژێرن".
سەرکۆماری میسر بەڵێنی دا کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ببێتە ناونیشانی "سەربەستی و شەفافییەت" و هەلی یەکسان بۆ کاندیدەکان بڕەخسێنێ.
سیسی گوتیشی: "ئامانەتی بەرپرسیارییەتیم هەڵگرت، هەموو توانایەکم خستەگەڕ بۆ چاکسازی گەل، دڵنیاتان دەکەمەوە من توانای مانەوەم نابێت ئەگەر خواستی ئێوەی لەسەر نەبێت".
لە کۆتاییدا سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی گوتی: "پێشتر و ئێستاش ئامادەم روحی خۆم بکەمە قوربانی ئەم نیشتمانە، پێشتر و ئێستاش داوای دەسەڵاتم نەکردووە و نایشیکەم و هەوڵنادەم بۆ بەدەستێهێنانی پۆست لەنێو وڵات".
عەبدولفەتاح سیسی لە حکوومەتی یەکەمین سەرکۆماری هەڵبژێردراو، محەمەد مورسی وەزیری بەرگری بوو و دوای کودتاکردن بەسەریدا لە ٣ی تەمووزی ٢٠١٣، لە هەڵبژرادنێکدا کە لە حوزەیرانی ٢٠١٤ بەڕێوە چوو، بە سەرکۆماری میسر هەڵبژێردرا.
چەند مانگێک پێش ئێستا هەڵمەتێکی میللی و پەرلەمانی و راگەیاندن بۆ پاڵپشتی لە سیسی دەستی پێکردووە و داوایان لێکردووە کە خۆی بۆ خولێکی دیکەی سەرکۆماریی کاندید بکاتەوە.
چاودێران پێیان وایە کە بە راگەیاندنی خۆ کاندیدکردنەوەی بۆ خولێکی دیکە، سیسی چانسی سەرکەوتنی هەیە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی وڵاتەکەی بۆ بوونەوە بە سەرکۆمار.
بەپێی دەستووری میسر، سیسی دەتوانێت تەنها بۆ یەک خولی دیکەی سەرکۆماریی خۆی کاندید بکات کە ماوەکەی چوار ساڵە.