جيهان

میدیای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات ترەمپ پلانێکی ١٥ خاڵی پێشنیاز کردووە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر ئێران

Esat Fırat  | 25.03.2026 - نوێکردنەوە : 25.03.2026
میدیای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات ترەمپ پلانێکی ١٥ خاڵی پێشنیاز کردووە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر ئێران

Istanbul

ئیستانبوڵ - AA

بانگەشەی ئەوە دەکرێت سەرۆکی ئه‌مریكا، دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی سەر ئێران، پێشنیازی پلانێکی ١٥ خاڵی و، ئاگربەستێکی کاتیی یەک مانگی کردووە.

کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی، به‌ پشت به‌ستن به‌ سەرچاوە ئیسرائیلییه‌كان، لە هەواڵێکدا بانگەشەی ئەوەی کردووە ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان لەگەڵ ئێران، پێشنیازێکی ١٥ خاڵیی ئامادە کردووە.

ئاماژە بەوە کراوە پلانە ١٥ خاڵییەکه‌ لە ڕێگەی پاکستانەوە بە تاران گەیەندراوە و، ئەمریکا پلانی هەیە بۆ بەڕێوەچوونی دانوستانه‌كان له‌ باره‌ی ئەو ڕێککەوتنە، ئاگربەستێکی کاتیی بۆ ماوەی یەک مانگ ڕابگەیەنێت.

لە هەواڵەکەدا باس لە خاڵەکانی پلانەكه‌ کراوە كه‌ بریتیتن له‌: کۆتاییهێنان بە توانای ئەتۆمیی ئێران، به‌ڵێندانی تاران بەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نه‌دات له‌گه‌ڵ لەکارخستنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەسفەهان، ناتانز و فۆردۆ.

هەروەها بانگەشەی ئەوە کرا کە داوا لە ئێران دەکرێت پیتاندنی یۆرانیۆم لەناو وڵاتدا ئەنجام نەدات و، ئەو یۆرانیۆمەی بە ڕێژەی سه‌دا٦٠ پیتاندوویەتی، ڕادەستی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بکات.

هه‌ر به‌پێی بانگه‌شه‌كان، داوا له‌ ئێران كراوه‌ دووبارە گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی کەشتییەکاندا بكاته‌وه‌، مەودا و بڕی بەرنامەی مووشەکی سنووردار بكات و پاڵپشتییەکانی بۆ هێزە بەکرێگیراوەکان لە ناوچەکەدا ببڕێت.

لە بەرامبەر ئەمەدا، بەڵێنی هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران دراوە.

سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە گومانیان هەیە ئێران بەو مەرجانە ڕازی ببێت، بەتایبەت کە مەرجەکان داوای وازهێنان لە بەرنامە ئەتۆمییەکە و سنووردارکردنی مووشەکەکان دەکەن. هەروەها نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە له‌وه‌ی ئەمریکا سەرەتا گوشار بکات بۆ ڕێککەوتنێکی چوارچێوە گشتیی و وردەکارییەکان دوابخات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın