ھەولێر - AA
شارەوانی مووسڵ رایدەگەیەنێت نزیک بە پێنج ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار تۆن خاشاک و پاشماوەی شەڕیان لە مووسڵ هەڵگرتووەتەوە و چوار ملیۆن تۆنی دیکەش ماون.
ھێشتا بەشێکی دانیشتوانی مووسڵ لەنێو خاشاک و داروپەردووی خانوو و باڵەخانە رووخاوەکانی پاشماوەی شەڕ رۆژ دەکەنەوە. لە دوورییەکی کەم لە ئەمانیشەوە دەیان تەرم لەژێر کاولکارییەکانی شارەکەوە و لەگەڵ زەوی تەخت بوون و بۆگەنییان کردووە و بوون بە ئێسک و پروسک.
لێرە لە مووسڵی کۆن ساڵی رابردوو چەکدارانی "خەلیفە ئەبو بەکر بەغدادی" ماڵ بەماڵ و کون بە کونی ئەم ناوچەیە شەڕی مان و نەمانییان بۆ ھێشتنەوەی "دەوڵەتە ئیسلامییەکە"یان دەکرد، شەڕێک کە ھیچی بەسەر ھیچەوە نەھێشت و تەڕو وشکی پێکەوە سووتاند و ھەزاران ھاووڵاتیی کرد بە قوربانی، گەڕەکە کۆن و تەنگەکانی مووسڵی کۆن کە داعش بە"قەڵا" نەبەزیوەکەی خۆی دەیبینی شەڕەکەی درێژتر و قورسترکرد، ئەگەرچی ھەر زوو خانوو و باڵەخانەکان لەبەردەم مووشەک و بۆردومانەکاندا زوو دەکەوتن.
ناوچەی مەککاوی لە مووسڵی کۆن کە دەکەوێتە بەشی راستی شارەکە و ھێشتا بۆن و بەرامەی شەڕ و دیمەنە رووخاوەکان ئێرەیان وەکو وێرانەیەک ھێشتووەتەوە، چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام "داعش" سوودیان لە ئاڵۆزی و تێکەڵی ئەم ناوچەیە وەرگرت بۆ ئەوەی زۆرترین کات تیایدا بمێننەوە و لەدوای خۆیان ئەم شوێنە وەکو شاری مۆتەکە بەجێ بھێڵن و شوێنەکە بکەنە گۆڕستانی تەرمە نەنێژراوەکان.
لەنێو ئەو وێرانەییەی ھەیە دەنگی ژمارەیەک کرێکار دەبیسترێت کە لەپاڵ شۆفڵ و بارھەڵگرەکانەوەن و بۆ پەیداکردنی پاروویەک نان کار بۆ ھەڵگرتنەوەی ئەو کاولکارییە دەکەن کە شەڕ بۆ شارەکەیانی ھێناوە.
عەلی خەلیل گەنجێکە لە سییەکانی تەمەنیدا، ئەو کارکردنی چەند رۆژەی بەردەوامی لەنێو خاشاکی شوێنەکە سەر و ریش و برۆکانی پڕکردوون لە تەپ و تۆزی خانووە رووخاوەکان، ئەم کە لەگەڵ شۆفڵەکانەوە پاشماوەکانی شەڕ کۆ دەکاتەوە باسی لەوەکرد کە لەنێو خانوو و باڵەخانە تەپیوەکاندا و بەدەستەکانی خۆی چەندین تەرمی دەرھێناوە کە زۆرینەیان ئەو دەیگوت ھی چەکدارانی داعش بوون، ئەو ئێمەی بانگکرد و پێیگوتین کە ھەر ئەو رۆژەی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ کردین تەرمی پێنج چەکداری داعش لەگەڵ خانەوادەکانیانی لەژێر بەردەکاندا دۆزیوەتەوە و لە پاڵ تەرمەکانەوە کە چەند ئێسک و پرووسکێک زیاتر بەولاوە شتێکی ئەوتۆیان لێ نەمابوویەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێرە ناوچەی مەککاوی-یە لە مووسڵی کۆن یەکێکە لەو شوێنانەی لەدوای گەڕەکی مەیدانەوە لە شەڕەکاندا زۆرترین زیانی پێگەیشتووە لە ناوچەی مووسڵی کۆن، لێرە زۆرێک تەرمی لێیە بەتایبەت تەرمی بەجێماوی چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان کە ژن و منداڵیشیان لەنێودایە، کەس نایەت ئەم تەرمانە ھەڵبگرێتەوە و کارەکان بەھێواشی دەڕۆن، ژمارەیەکی زۆر لە تەرم ھەن و لێرە لەژێر کاولکارییەکانەوە بڵاوبوونەتەوە کە بە دەیان تەرم دەبن، لێرە تەرمەکان بەزۆرینە ھی داعش و خێزانەکانییان".
عەلی خەلیل و ھاوڕێیەکانی بە ھۆی بوونی تەرمەکانەوە دەمامکیان بەستبوو و لە درێژەی قسەکانیدا عەلی گوتی: "ئێمە لەگەڵ رێکخراوەکان کاردەکەین و تا ئێستا دەیان تەرممان دەرھێناوە و کارەکە زۆرە و پێویستی بە کارمەند و ئیشی زیاتر ھەیە بۆ ھەڵگرتنەوەی تەرمەکان".
گوتیشی: "لێرە بەتەنھا تەرمەکان نا، بەڵکو ھەر خودی شوێنەکە جێگەی مەترسییە، چونکە ھێشتا پاشماوەی شەڕ و پاشماوەی چەک و تەقەمەنیش لێرە ماون، بۆ نموونە ئێمە پشتێنەی بۆمبڕێژکراومان لەلایە کە نەتەقیوەتەوە و دەرمانھێناوە، بۆیە پێویستە حکوومەت کاری زیاتر بکات".
١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ بۆ مووسڵ و نەینەوا و عێراق بەگشتیش مێژوویەکی جەرگبڕ بوو کە چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام "داعش" لە پڕ و لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا توانیان بەکەمتر لە ٥٠٠ چەکدارەوە دووەم گەورەترین پارێزگای عێراق لە رووی دانیشتنەوە لەژێر قەڵەمڕەویی حکوومەتی عێراق و سوپا و ھێزە چەکدارەکانی دەربھێنن دوای ئەوەی لە دیمەنێکی لێڵ و تابلۆیەکی ناتەواوکراودا ئەم شارە بەخێراییەکی چاوەڕواننەکراو کەوت و دەیان ھەزار چەکداری حکوومەت لەبەردەم ئەو چەکدارانە ھەڵاتن.
پاش نزیک بە زیاتر لە دووساڵ لە قەڵەمڕەویی داعش لەسەر نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق، دواجار عێراق بەسەر داعشدا سەرکەوت، بەڵام چەندین شاری وێران و دەیان ھەزار کوژراو و سوپایەک لە بریندار و کەم ئەندام میراتی ئەو شەڕە بوون کە سەری زۆرێک لە عێراقییەکانی پەڕاند، ھێشتاش تەرمی ھەزاران کەس لەژێر خانووەکاندا ماون و نەدۆزراونەتەوە کە بەشێکیان تەرمی خەڵکی مووسڵ و بەشێکشیان ھی چەکدارانی داعشن.
سەرۆک شارەوانیی مووسڵ، عەبدولستار حەبو لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوەکرد کە لە دوای رزگارکردنی مووسڵەوە تاوەکو ئێستا نزیک بە چوار ھەزار تەرمیان لەژێر دارو پەردووی خانوو و باڵەخانە و پردە رووخاوەکانی شاری مووسڵ دەرھێناوە کە بە ھۆی شەڕی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارەکە و دەرھێنانی لەدەستی داعش دۆزراونەتەوە.
عەبدولستار حەبو لەوبارەیەوە روونیکردەوەکە تیمەکانی شارەوانی مووسڵ بە ھاوکاری پارێزگای نەینەوا و چەندین دامەزراوەی دیکەی خۆجێی فەرمی شارەکە و بە ھاوکاری ژمارەیەک لە کۆمپانیا ناوخۆییەکان کاردەکەین بۆ پاککردنەوەی شاری مووسڵ لەو وێرانەیی و کاولکارییەی بە ھۆی شەڕەوە تووشی بووە و ھەزاران باڵەخانە و خانوو تیایدا رووخاون و زەرەیان پێگەیشتووە.
سەرۆک شارەوانیی مووسڵ، عەبدولستار حەبو گوتی: "ئێمە بەردەوامین لە پاککردنەوەی شاری مووسڵ بەتایبەت لای راستی شارەکە کە زیاتر بە ھۆی شەڕەکانەوە زیانی پێگەیشتووە و ھێشتا پاشماوەی شەڕەکانیشی تیاداماوە، ئەوەی تاوەکو ئێستا پاکمانکردووەتەوە بریتییە لە سێ ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار مەترسێجا، ئەوەی لەو شوێنانەی کە پاککمانکردووەتەوە لەوەتی دەست بەکاربووین لە پاککردنەوە بریتی بووە لە ھەڵگرتنەوەی بڕی پێنج ملیۆن و ٥٠٠ تۆن خۆڵ و خاشاک و پاشماوەکانی وێرانکارییەکان، ئەوەشی ماوە بریتییە لە چوار ملیۆن تۆنی دیکە کە پێویستە ھەڵبگیرێتەوە".
ئۆپەراسیۆنی مووسڵ یان "قادیمون یا نەینەوا" کە حکوومەتی عێراق بۆ دەرپەڕاندنی چەکدارانی داعش لە پایتەختە گریمانییەکەیان و کۆتاییھێنانی ئەو قەڵەمڕەوییەی دەستیپێکرد ھەشت مانگ و ٢٤ رۆژی کێشا، شەڕەکە لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ دەستیپێکرد و لە ١٠ی تەمووزی ٢٠١٧ سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رزگارکردنی تەواوی مووسڵی راگەیاند کە تیایدا، ١٢٣ شار و شارۆچکە و گوند لەدەستی داعش دەرھێنرا، بەڵام ھێشتا چارەنووسی "خەلیفە" نادیارە.
سەرۆک شارەوانیی مووسڵ، عەبدولستار حەبو لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو تیشکی خستە سەر پرسی ھەڵگرتنەوەی تەرمەکانی ژێر دارو پەردووی خانوو و باڵەخانە رووخاوەکانی مووسڵ بەتایبەت لە لای راستی شارەکە و گوتی: "لە میانی دەستبەکاربوونمان ھەزاران تەرمی ژێر دارو پەردووەکانی خانوو و باڵەخانە رووخاوەکانمان دەرھێناوە، بەڵام ھێشتا زۆری دیکەش ماون دەریان بھێنین کە تیمەکانی ئێمە بەھاوکای بەرگریی شارستانی و دەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکە توانیومانە بەشێکیان دەربھێنین، تاوەکو ئێستا تیمەکانی ئێمە توانیویانە لەژێر دارو پەردووە رووخاوەکاندا دوو ھەزارو ٨٦٠ تەرمی ھاووڵاتییانی شاری مووسڵمان دەربهێنن کە بە ھۆی شەڕو بۆردومانەکانەوە تیاچوون و گیانییان لەدەستداوە، ئەوە جگە لەوەی ٩٢٠ تەرمی داعشیشمان دەرھێناوە کە پێشبینی دەکەین تەرمی دوو ھەزار چەکداری دیکەی داعش لەژێر خانوو و باڵەخانە رووخاوەکاندا مابووبێتن و پێویستیان بەدەرھێنان ھەیە".
عەبدولستار حەبو گوتیشی: "بەشێک لە تەرمەکان رۆچوونەتە ژێر خانوو و باڵەخانە رووخاوەکاندا و زۆرێکیان بۆ ناوەڕاستی ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە، بۆیە بەو بۆنەیەوە تەرمەکان تێکچوون و بەشێکی زۆریان تەنھا ئێسک و پروسکیان لێ ماوەتەوە و ناناسرێنەوە".
سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەرکردنی تەرمەکانیش سەرۆک شارەوانیی مووسڵ گوتی: "ئەو تەرمانەی ھی ھاووڵاتییانی مووسڵن کە لە شەڕەکاندا بوون بە قوربانی دەدرێنەوە بەکەسوکارەکانیان و دەنێژرێن، ھەرچی تەرمەکانی داعشە ئەوا شوێنێکمان بۆ تەرخانکردوون و لەو شوێنانە ھەموویان دەنێژین".
لەدوای متبوونی داعش و کەوتنی دەوڵەتە گریمانەییەکەی، ئێستا لە عێراق شوێنێکی ئارام بۆ ئەم گرووپە سەلەفییە جیھادییە نەماوە، وەلێ ھێشتا لەژێر کەلاوەکانی مووسڵ کۆن ھەزاران تەرم ھەن چاوەڕوانی ناشتن دەکەن.
news_share_descriptionsubscription_contact

