Azad Mohammed Abdullah
09 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 10 مای,س 2018
دهۆک - AA
قایمقامى شنگال، مەحما خەلیل رایدەگەێنێت "جگە لە رێکخراوە مرۆییەکان بە تایبەت دەزگاى خێرخوازى بارزانى هیچ لایەنێکى دیکەى پەیوەندیدار هاوکارى ئاوارەکانى سەرچیاى شنگال-یان نەکردووە".
لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو مەحما خەلیل گوتى "چەند رۆژێکە هاوشێوەى بەشێک لە ناوچەکانى دیکەی هەرێمى کوردستان باران بارینى بەخوڕ سنوورى شارۆچکەى شنگالى گرتووەتەوە و بەهۆیەوە لافاو دروستبووە و زیان بە بەشى هەرە زۆرى خێوەتەکانی ئاوارەى سەرچیاى شنگال و ئاوارەکانى بەردەم مەزارگەى شەرەفەددین کەوتووە، لە ئێستادا رەوشى ١٢ هەزار ئاوارەى شنگال لە سنوورەکە ناهەموارە و پێویستییان بە هاوکارى مرۆیی بە پەلە هەیە".
گوتیشى: "ئیدارەى ناشەرعى شارەکە کە لەژێر فەرمانڕەوایی چەکدارانى حەشدى شەعبین، رێگرى لە رێکخراوە مرۆییەکان دەکەن هاوکارى بگەیننە زیانلێکەوتووانى ئەو رووداوە، لە دوێنێ ئێوارە تا ئێستا زیاتر لە ١٧ هەوڵدراوە بۆ ئەوەى رێگرى لە بەردەم دەزگاى خێرخوازى بارزانى دروست بکرێت بۆ ئەوەى هاوکارییە مرۆییەکانى نەگەیەنێتە ئاوارەکانى سەر چیاى شنگال و ئاوارەکانى بەردەم مەزارگەى شەرەفەددین، خۆشبەختانە زۆرینەى هەوڵەکان شکستهێناوە و خواردن و خواردنەوە و کەلوپەلى نێو ماڵ، دۆشەک بەتانى بۆ بەشێکى ئاوارەکان دابینکراوە".
قایمقامى قەزاى شنگال دەڵێت "داوا لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان و سەرجەم وڵاتان دەکەین هاوکاری بگەیەننە ئاوارەکانى شنگال و خێوەتى زیاتریان بۆ دابین بکەن، چونکە بەهۆى لافاوەوە زۆرینەى خێوەتەکان کەلکى تێیدا مانەوەیان نەماوە".
خودێدا رەشۆ کە ئاوارەیەکى سەرچیاى شنگالە بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو دەڵێت "بەهۆى لافاوەوە ئاو و قوڕو لیتە هاتووەتە نێو خێوەتەکانمان و بە ناچارى چووینەتە نێو خێوەتێکى دیکەى خێزانێکى دیکەى ئاوارە، لێرە زۆرینەى خێوەتەکان تێکچوون، لە ئێستادا وێڕاى خراپى بارى داراییمان شوێنێکیشمان نییە بۆ مانەوە و حەسانەوە. تکامان لە دەسەڵات و رێکخراوەکانى مرۆیی ئەوەیە لەو ژیانە نەخوازراوە رزگارمان بکەن".
دەشڵێت "رێکخراوە مرۆییەکان هاوکاریمان دەکەن، بەڵام هاوکارییەکانیان بەقەت ئەو هەژارى و نەدارییە نییە کە لە کەمپى ئاوارەکانى شنگال بوونى هەیە، بە تایبەت کەمپى ئاوارەکانى سەر چیاى شنگال".
ئەو ئاوارەیە ئاماژەى بەوەشدا کە چەکدارانى پەکەکە لە سنوورى شنگال رێگرى لە ژمارەیەک رێکخراوى مرۆیی دەکەن هاوکارى بگەیەننە ئاوارەکانى سەرچیاى شنگال و وەک بابەتێکى سیاسى لێى دەڕوانن.