Esra Taşkın
19 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2023
پاریس-AA
ژمارەی دەستگیرکراوان لەو خۆپیشاندانانەی کە لەسەرانسەری فەڕەنسا لە دژی بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ ٦٥ ساڵ بەڕێوەدەچێت بۆ سەرووی ٥٠٠ کەس بەرزبوویەوە.
لە دژی چاکسازیی خانەنشینی کە یەکێک بوو لە بەڵێنەکانی سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار، لە ١٦ی ئادارەوە کاتێک حکوومەتی هەنگاوی نا بۆ ئەوەی بەبێ پەرلەمان بیخاتە بواری جێبەجێ کردن لە شارە جیاجیاکانی وڵاتەکە خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت.
لە خۆپیشاندانەکان، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران کە داوا دەکەن حکوومەت واز لەو چاکسازییە بهێنێت و پۆلیس کە رێگرییان لێدەکەن روویدا.
بەپێی ئاماری رۆژنامە ناوخۆییەکان، ژمارەی ئەوە کەسانەی کە لە پێنجشەممەوە بۆ ئێستا دەستگیرکراون ٥٠٠ کەسی تێپەڕاندووە.
هاوکات ٢٨٣ خۆپیشاندەر ئازادکران و نۆ خۆپیشاندەریش برانە بەردەم داواکاری گشتی.
ئەمڕۆش ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە گۆڕەپانی نزیک پەرلەمان لە پاریسی پایتەخت بەردەوامبوو.
لەلایەکی دیکەوە، لە شاری نیس پەنجەرەی نووسینگەی سەرۆک و پەرلەمانتاری پارتی راستی ناوەندی کۆمارییەکانی (LR)، ئێریک کیۆتتی شکێندرا.
کیۆتتی، ئەوەی راگەیاندبوو کە فراکسیۆنەکەی دەنگ لەسەر پێشنیاری لێسەندنەوەی متمانە لە حکوومەت نادات.
لە دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا، ئەلیزابێس بۆرن رۆژی ١٦ی ئادار رایگەیاندبوو، بەپێی بڕگەی سێیەمی ماددەی ٤٩ی دەستوور کە رێگە بە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسایەک دەدات بەبێ ئەوەی لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت و هەوڵی دابوو پڕۆژە یاسای چاکسازیی خانەنشینییان بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، دژبەرەکانی چاکسازییەکە، دەستیان بە خۆپیشاندان کردبوو.