İbrahim Khazen,Hamdi Yıldız,Rahel Ali
20 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2023
قاهیرە – AA
سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی لەگەڵ شاندێکی باڵای رووسیا کە سەردانی قاهیرەی کردبوو، چۆنێتی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و زیادکردنی هەماهەنگییەکان لەبارەی دابینکردنی خۆراک و دانەوێڵەیان تاوتوێ کرد.
سەرۆکایەتی کۆماری میسر لە راگەیەندراوێکدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی پێشوازی کردووە لە نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئەفریقا، میخائیل بۆگدانۆڤ و وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی رووسیا، دەنیس مانتورۆڤ.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا خۆشحاڵییان دەربڕی بە پەیوەندییە دێرینەکانی نێوان گەلی میسر و رووسیا و جەختیان لەسەر گرنگی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانیش کردەوە لە بوارە جیاوازەکاندا.
سیسی و شاندە رووسییەکە، هەروەها لەبارەی دابینکردنی خۆراک و دانەوێڵەوە دوان.
کۆبوونەوەکە لە میانی ١٤ەمین کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشیی هەماهەنگی تەکنیکیی، زانستیی، ئابووریی و بازرگانیی لەنێوان هەردوو وڵات ئەنجام درا.