Sangar Hamad Azeez
21 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2017
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هیزەر ناوێرت لە بارەی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل سەبارەت بە بابەتی مزگەوتی ئەقسا بانگەوازێکی بۆ هەردوو لایەن کرد و گوتی: "داوا لە هەردوو لایەن دەکەین هەنگاوێک نەنێن گرژییەکان بەرەو زیاتر ببات".
لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەیدا، ناوێرت باسی لە زیادبوونی بارگرژییەکان نێوان فەلەستین و ئیسرائیل سەبارەت بە بابەتی مزگەوتی ئەقسا کرد.
لە بارەی پرسیاری ئەوەی کە ئیسرائیل بە رێژەیەکی بەرچاو ژمارەی سەربازانی لەبەردەم مزگەوتی ئەقسا زیاد کردووە ئەمە وێڕای دانانی پشکێنەری ئەلیکترۆنی، ناوێرت گوتی: "داوا لە هەردوو لایەن دەکەین هەنگاوێک نەنێن کە گرژییەکان بەرەو زیاتر ببات، دەزانین کە ئەمە بابەتێکی زۆر هەستیارە، بەمهۆیەوە شەو لە نزیکەوە چاودێری رووداوەکان دەکەین. قسەکانم بە هەستیاری دەکەم لەبەر ئەوەی نامانەوێت گرژییەکان زیاتر ببن".
ناوبراو ئەوەیشی راگەیاند کە ئەمریکا لەگەڵ هەردوو لایەندا کۆدەبێتەوە و هەوڵی هێورکردنەوەی بارودۆخەکە دەدات.
رۆژی ھەینی رابردوو پۆلیسی ئیسرائیل، بە بیانووی ئەنجامدانی ھێرشی چەکداریی لە مزگەوتی ئەقسا، سێ فەڵەستینیان کوشت و دواتر رایگەیاند کە ئەو دوو پۆلیسە ئیسرائیلییەی لە رووداوەکەدا برینداربوون لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە و ھەر بە ھۆی ئەو رووداوەوە، پۆلیسی ئیسرائیل دەرگاکانی مزگەوتی ئەقسای داخست و رێگەی نەدا نوێژخوێنان نوێژی ھەینی لە مزگەوتی ئەقسا ئەنجام بدەن.