Mücahit Aydemir
31 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2020
تەرابلوس - AA
سوپای لیبیا، بڵاوی کردەوە کە میلیشیاکانی ''جەنجەویدی سوودان''ی سەربە خەلیفە حەفتەر، سەرکردەی هێزە چەکدارە ناشەرعییەکانی خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە، بە مەبەستی سەرکوتکردنی ئەندامانی هۆزێکی خۆجێیی، گەمارۆی ناوچەی ئەبو هادی سەربە شاری سرت-یان داوە.
گوتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شارەکانی سرت و جوفرە سەربە سوپای لیبیا، جەنەراڵ عەبدولهادی دیرهـ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا، باسی لەوە کرد کە میلیشیاکانی جەنجەویدی سوودان، گەمارۆی ناوچەی ئەبو هادی باشووری شاری سرت-یان داوە.
عەبدولهادی دیرا باسی لەوە کرد کە ئامانجی گەمارۆکە بۆ سەرکوتکردنی ئەندامانی هۆزی قەزازیفە کە زۆربەی دانیشتوانی ناوچەکەیان پێکهێناوە و لەم دواییانەدا لەگەڵ میلیشیاکانی حەفتەردا بەشەڕ هاتوون.
ئاماژە بەوە کرا کە سێ مووشەکی گراد BM-21، رەوانەی ناوچەکە کراوە.
- شەڕی نێوان خەلیفە حەفتەر و هۆزی قەزازیفە
هۆزی قەزازیفە کە سەرۆکی لەسەرکارلادراوی لیبیا، موعەمەر قەزافی ئەندامی بوو، یەکێکە لە هۆزە دیارەکانی ئەو وڵاتە.
لە ماوەی رۆژانی رابردوودا لە شاری سرت گرژیی لەنێوان میلیشیا بیانییە بەکرێگیراوەکانی سەربە حەفتەر و ئەندامانی هۆزی قەزازیفە دروست بوو، هێزەکانی حەفتەر گەنجێکی هۆزەکەیان کوشت و چەند ئەندامێکی دیکەی هۆزەکەیان دەستگیر کرد.
لە بەرامبەردا ئەنجوومەنی هۆزی قەزازیفە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و پشتیوانییەکانی بۆ خەلیفە حەفتەر کشاندەوە و داوایشی لە هەموو ئەندامانی هۆزەکە کرد ریزەکانی حەفتەر جێبهێڵن.