Aladdin Mustafaoğlu
31 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2020
سكوپیە – AA
پەرلەمانی كۆماری باكووری مەقدۆنیا بە زۆرینەی دەنگ، متمانەی بەخشییە حكوومەتی نوێ.
لەو دانیشتنەی پەرلەمانی كۆماری باكووری مەقدۆنیا كە تایبەت بۆ بەخشینی متمانە بە حكوومەتی نوێی هاوپەیمانی ساز كرا لە كۆی 120 پەرلەمانتار، 113یان ئامادەبوون.
لە دانیشتنەكەدا، بە دەنگی 62 پەرلەمانتار متمانە بەخشرایە حكوومەتی نوێی كۆماری باكووری مەقدۆنیا و لە بەرامبەردا، 51 پەرلەمانتار دەنگیان بۆ ئەوە دا كە متمانە نەبەخشێرێتە حكوومەتی نوێ.
بەر لە دانیشتنەكەی پەرلەماندا، راسپێردراو بۆ پێكھێنانی حكوومەتی كۆماری باكووری مەقدۆنیا، زۆران زاییڤ رایگەیاند كە حكوومەتەكەی كار دەكات بۆ دەستەبەركردنی ژیانێكی باشتر بۆ هاووڵاتییان.
زۆران زاییڤ جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی كە حكوومەتی نوێ لەسەر سیستەمێكی یاسایی كار دەكات كە جێگەی متمانەی هەمووان بێت و ئاماژەی بەوەیش دا كە لە میانی جێبەجێكردنی ئەركەكانیاندا، بەڕاستی و بەرپرسیاریەتییەوە، خزمەت بە هاووڵاتییان دەكەن.
گوتیشی: "بە پێداگیری و هاوكارییمان، وڵاتێكمان دەبێت كە دامەزراویی بێت و هەموومان شانازی پێیەوە دەكەین".
لە 15ی تەمووزی رابردوو هەڵبژاردنی گشتیی پێشوەختە (پەرلەمان) لە كۆماری باكووری مەقدۆنیا بەڕێوەچوو كە تیایدا هەزار و 500 كەس كە لەلایەن 15 پارت و قەوارەی سیاسییەوە كاندیكرابوون، بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین كورسی پەرلەمان ركابەری یەكتریان كردبوو.
لە 18ی ئابی رابردوودا، پارتی یەكێتیی دیموكراتی كۆمەڵایەتی مەقدۆنیا و یەكێتیی دیموكراتی لە كۆماری باكووری مەقدۆنیا لە پێناو دابینكردنی زۆرینەی پەرلەمانی پێویست بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، گەیشتبوون بە رێككەوتن.