Hawkar Yaseen
14 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 15 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی پێشوازیی لە کۆنسولی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، دەیڤد هەنت و جێگرەکەی جەیمی هامیڵ کرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانیی جێگری سەرۆکوەزیران لە كۆبوونەوەیەكەدا، قوباد تاڵەبانی داوای لە ستافی نوێی کۆنسولخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر کردووە "كاربكەن لە پێناو دەستەبەركردنی پشتیوانی بەریتانیا بۆ پرۆسەی چاكسازیی و پەرەپێدانی حوكمڕانی لە كوردستان بۆ ئەوەی بتوانرێت لەو رێگەیەوە خزمەتگوزاری باشتر پێشكەش بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكرێت".
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە "هەردوولا هاوڕابوون لەبارەی گرنگی هەڵبژاردنی ١٠ی مانگی داهاتوو، جەختیشیان كردەوە، دەبێت بەشێوازێكی تەندروست و پاكوبێگەرد بەڕێوەبچێت، شاندە بەریتانییەكە ئامادەیی وڵاتەكەیان دەربڕی بۆ رەوانەكردنی چاودێر بۆ هەڵسەنگاندنی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە و دڵنیابوونەوە لە جێبەجێكردنی بەندو باوە یاسایی و دیموكراسییەكان.
راشیانگەیاندووە "قوباد تاڵەبانی داوای كرد بەریتانیا گەرمتر لە جاران پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بباتە پێشەوە، شاندەكەش پابەندی وڵاتەكەیان دووپات كردەوە بە درێژەدان بە هاوكارییەكان و پەیوەندییەكان و باشتركردنیان لە قۆناغی داهاتوودا بەتایبەت پاش كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە كۆتایی ئەم ساڵ".
جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لە کۆتایی دانیشتنەکەشدا "داوای لە كونسولخانەی بەریتانیا كرد لە سەردان و چالاكییەكانیاندا سەرجەم دەڤەر و ناوچە جیاجیاكان كوردستان بەسەر بكەنەوە و چالاكییەكانیان تەنها لە سەنتەری شارە گەورەكاندا چڕ نەكەنەوە".