Yaser Albanna,Hamdi Yıldız
08 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2019
غەززە ــ AA
فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل زنجیرەیەك هێرشیان كردە سەر دوو خاڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس لە كەرتی غەززە، ئەوەیش دوای کە ئەوەی سێ مووشەك لە كەرتی غەززەوە ئاراستەی ئیسرائیل كرابوون.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند كە فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل حەوت هێرشیانكردووەتە سەر خاڵێكی كەتائیبەكانی عزەددین قەسام باڵی سەربازیی حەماس لە رۆژهەڵاتی شارۆچكەی جەبالییە باكووری كەرتی غەززە.
هەروەها فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل، سێ مووشەكیان ئاراستەی خاڵێكی دیكە كردووە لە رۆژئاوای شاری غەززە.
هیچ روونكردنەوە و زانیارییەك سەبارەت بە زیانی گیانی هێرشەكان لە لایەن وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینەوە بڵاونەكراوەتەوە
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردووەتەوە کە فڕۆكە جەنگییەكانی هێرشیانكردووەتە سەر دوو خاڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس لە باكووری كەرتی غەززە كە بریتیی بوون لە ژمارەیەک كۆگا، نووسینگە و ناوەندەی ئەمنی.
لە راگەیەندراوەكەدا سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشكردووە كە هێرشەكان لە وەڵامی ئاراستەكردنی سێ مووشەك لە كەرتی غەززەوە بۆسەر ئیسرائیل، ئەنجامدراون.