Serdar Bitmez,Hamdi Yıldız
08 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2019
دۆحە ــ AA
میدیای فەرمی قەتەر بڵاویكردەوە كە دوای سێ مانگ لە راگرتنی، دانوستانەكانی ئاشتی نێوان ئەمریكا و بزووتنەوەی تاڵیبان لە دۆحە دەستی پێكردووەتەوە.
ئەمە دەیەم خولی دانوستانەكانی ئاشتییە كە لە نێوان ئەمریكا و بزووتنەوەی تاڵیباندا لە دۆحە بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئەفغانستان ساز بكرێت.
لەوبارەوە ئاژانسی هەواڵیی فەرمی قەتەر(QNA) بڵاویكردەوە، دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی ئاشتی، تەواوكردنی دانوستانەكانی رابردوون كە لە نێوان ئەمریكا و بزووتنەوەی تاڵیباندا لە دۆحە بە ئامانجی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ئەفغانستان سازكرابوون.
باسی لەوەشكردووە كە هەردوولا سوپاسی قەتەریان كردووە لەوەی میوانداری دانوستانەكانی ئاشتی دەكات و هەروەها رۆڵی نێوەندگیریش لەوبارەوە دەگێرێت.
ئاژانسی ناوبراو هیچ زانیارییەكی سەبارەت بە ناوەڕۆكی دانوستانەكانی ئاشتی ئەمجارەی نێوان ئەمریكا و بزووتنەوەی تاڵیباندا بڵاونەكردووەتەوە.
لە حەوتی ئەیلوولی رابردوودا سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدابوو بە راگرتنی دانوستانەكانی ئاشتی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان لە كاتێكدا هەردوولا نزیكبوون لەوەی واژووكردنی رێككەوتنی ئاشتی لە ئەفغانستان رابگەیەنن.
بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ ئەو كات دوای ئەوە هات كە بزووتنەوەی تاڵیبان بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی پەلامارێكی چەكدارییدا لە كابول راگەیاندبوو كە لە میانیدا سەربازێكی ئەمریكا کوژرا.