hamza mansur
08 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2016
سەرۆكی بزووتنەوەی ئیسلامی لە ئیسرائیل شێخ رائید سەڵاح خرایە بەندیخانە، بۆ ئەوەی ماوەی نۆ مانگ بەندكردنەكەی تەواو بكات كە پێشتر لەلایەن دادگای ئیسرائیلەوە بە تۆمەتی هاندان بۆ كاری توندوتیژی بەسەریدا سەپێنرابوو.
شێخ سەڵاح بە ئامادەبوونی دەیان كەس لە لایەنگرانی گەیشتە بەندیخانەی بئیر سەبع لە باشووری ئیسرائیل.
بەر لەوەی بخرێتە بەندیخانە سەڵاح بە رۆژنامەوانانی گوت: "دەستگیركردنەكەی لە بەردەوامی بەرگری لە مزگەوتی ئەقسا ساردی ناكاتەوە".
هەروەها سەڵاح ئاماژەی بەوەدا، بەندیخانە وەك بیركردنەوە بۆ بونیادنانی ئایندە لە قۆناغی داهاتوو دەقۆزێتەوە.
ئەو دەڵێت، ئەوەی لە قۆناغی رابردوو لەپێناو مزگەوتی ئەقسا ئەنجامیاندا لەسەری بەردەوام دەبن، بەمەش ئەو خەونە كە دەوڵەتی داگیركەر بونیادیناوە لەناو دەچێت.
لە 18ی مانگی نیسانی رابردوو، دادگای باڵای ئیسرائیل بەتۆمەتی هاندان بۆ كاری توندوتیژی لە میانی گوتارێكدا كە لە شاری قودسی رۆژهەڵات پێشكەشی كرد، نۆ مانگ بەندكردنی بەسەر سەرۆكی بزووتنەوەی ئیسلامی شێخ رائید سەڵاح دا سەپاند.