سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی کرد لە نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، تۆم باراک جەختیان کردەوە لە ھاوبەشی بنیاتنەرانەی نێوان بەغدا و واشنتۆن لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، تۆم باراک جەختیان کردەوە لە ھاوبەشی بنیاتنەرانەی نێوان ھەردوولا لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازی کردووە لە نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، تۆم باراک.
ڕاشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، دۆخی ناوچەکە و پێشھاتەکانی سووریا تاوتوێ کراون و لەوباریەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە ئاسایشی سووریا بۆ عێراق و ناوچەکە گرنگە، ھەروەھا جەختی کردووەتەوە لە ھاریکاری بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیریی و دەستەبەرکردنی یەکپارچەیی خاکی سووریا.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی دیدارەکەدا، جەخت کراوەتەوە لە ھاوبەشی بنیاتنەرانەی نێوان بەغدا و واشنتۆن لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
ئەوشی خستووەتەڕوو کە لە بەرامبەردا نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، تۆم باراک ستایشی ھەنگاوەکانی محەمەد شیاع سوودانی و ئەرکی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق کردووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و کرانەوەی عێراق بەڕووی وەبەرھێنەرانی نێودەوڵەتی.
