Sarmand Hameed
22 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە کۆشکی کلارانس هاوس لەگەڵ شازادەی جێنشینی بەریتانیا، شازادە چارلس کۆبووەوە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، کازمی کە بەسەردانێکی فەرمی لە بەریتانیایە، لە کۆشکی کلارانس هاوس لەلایەن شازادە چارلس پێشوازیی لێکرا.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا تاتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و هەنگاوەکانی بەرەوپێش بردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و لەندەن لە بوارە جیاجیاکاندا کراوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لەو دەستپێشخەرییانە کراوە کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پێکەوەژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی و پاراستنی ژینگە و لەمبارەیەوە تاوتوێی چەند هەنگاوێکی پەیوەست بەم دەستپێشخەرییانە کراوە.
مستەفا کازمی بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە، دۆینێ چوارشەممە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە لەندەن پایتەختی بەریتانیا.
پێشتریش سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ بەریتانیا، لە لەندەن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسن کۆببووەوە.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، مستەفا كازمی بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵا بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ گەورە بەرپرسانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا بەغدای پایتەختی جێهێشت.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، شاندێک كە ژمارەیەک وەزیر و سەرۆک دەستەی سەربەخۆ لەخۆدەگرێت یاوەری سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی دەكەن لە سەردانەكەی بۆ فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا.