Dlshad Saifaalddin Ahmed
15 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 16 تشرینی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
کەمێک پێش ئێستا ھەریەک لە سەرکۆماری عێراق، فوئاد مەعسوم و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گەیشتنە ھاوینەھەواری دوکان (٧٠ کیلۆمەتر باکووری رۆژھەڵاتی سلێمانی)، لەگەڵ شاندی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دەست بە کۆبوونەوەکانیان دەکەن لەسەر پرسی ئاڵۆزییەکانی ئێستای نێوان بەغدا و ھەرێمی کوردستان.
جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆسرەت رەسوڵ عەلی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر دواین گۆڕانکارییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا، هەروەها گفتوکردن لەسەر پێشنیازەکان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە".
جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، ھێزی پێشمەرگە لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک لە ئامادەباشیدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەر ھێرش و پەلامارێک لە لایەن حەشدی شەعبی و ھێزەکانی تری عێراقەوە.
ماوەی سێ رۆژە سەرکۆماری عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی حکوومی و حزبی لە ھەرێمی کوردستان و ئاساییکردنەوەی ئەو دۆخەی لە سنووری پارێزگای کەرکووک ھاتووەتە ئاراوە لە شاری سلێمانییە.