هەولێر
فوئاد مەعسوم بە هۆی بوونی ركابەری زۆر لە گەڕی یەكەمدا نەیتوانی پۆستەكە بەدەست بهێنێ و چل دەنگ كەمتری بەدەست هێنا لەو ژمارە دەنگەی كە پێویست بوو تا بیكا بە سەركۆمار، لەگەڕی دووهەمدا ٢١١ دەنگی بەدەست هێنا و ئەو پۆستەی بۆ كورد مسەوگەر كرد.
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی سەركۆماری عێراق زیاتر لە ٩٠ كاندید بۆ ئەو پۆستە هەبوون، لەگەڕی یەكەمی هەڵبژاردنە كە بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق دەبێ كاندید لە گەڕی یەكەمدا ٢١٦ دەنگ بەدەست بهێنێ و بە زۆرینەی رەهای دەنگی پەرلەمانتاران ئەو پۆستە وەربگرێ هیچ كاندیدێك نەیتوانی ئەو ژمارە دەنگە بەدەست بهێنێ و لەو گەڕەدا تەنها چوار كاندید توانییان زیاتر لە ١٥ دەنگ بەدەست بهێنن.
پۆستی سەركۆمار بەپێی دابەشكاریی پێكهاتەیی لەعێراق لەساڵی ٢٠٠٥ەوە بۆ كورد بووە، بەهۆی نەخۆش كەوتنی تاڵەبانی و نەتوانینی لە خۆ كاندیدكردنەوە بۆ جاری سێهەم د.فوئاد مەعسوم تاكە كاندیدی كورد بوو بۆ ئەو پۆستە.
مەعسوم لەگەڕی یەكەمی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق توانی ١٧٥ دەنگ بەدەست بهێنێ كە زۆرترین بوو بەراورد لەگەڵ ركابەرانی كە زۆرترینییان پەرلەمانتاری لیستی دەوڵەتی یاسا حەنان فەتلاوی بوو كە تەنها ٣٧ دەنگی بەدەست هێنا.
دوای كشانەوەی فەتلاوی لەسەر داوای سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانیی شیعەكان و سەرۆكی كوتلەی سەدرییەكان. ركابەرایەتیی بۆ بەدەست هێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار لەنێوان هەریەك لە د.فوئاد مەعسوم و حوسێن موسەویی مایەوە.
بەپێی دەستووری عێراق گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ سەركۆمار دەبێ بەو شێوەیە یەكلایی ببێتەوە كە كام كاندید زۆرترین دەنگی بەدەست هێنا پۆستەكە بۆ ئەو دەبێ.
دواتر لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەكەی ئەنجومەنی نوێنەران د.فوئاد مەعسوم توانی لەكۆی ٢٢٨ دەنگی تەواو ٢١١ دەنگ بەدەست بهێنێ و ركابەرەكەشی تەنها ١٧ دەنگی بەدەست هێنا.
بەو پێیەش د.فوئاد مەعسوم توانی متمانەی پەرلەمانی عێراق بەدەست بهێنێ و ببێتە سەركۆمار و ئەوەش یەكەم گۆڕینی سەرۆك كۆماری عێراقە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە كە جەلال تاڵەبانی تا نەخۆش كەوتنی پێش تەواوبوونی ویلایەتەكەی بە زیاتر لە ساڵ و نیوێك لەسەر ئەو كورسییە بوو.
فوئاد مەعسوم سیاسییەكی دیاری عێراقە لە دامەزرێنەرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، بە سیاسەتمەدارێكی هێمن و یاریزانێكی باش لە وتوێژەكاندا دەناسرێتەوە.
ئەو لە یەكێك لە چاوپێكەوتنە رۆژنامەوانییەكانیدا لەساڵی ٢٠١٣ گوتی كەس ناتوانێ جێی تاڵەبانی بگرێتەوە كاتێ پرسیاری ئەوەی لێكرا كێ دەبێتە سەركۆماری عێراق پاش تاڵەبانی.
دوای هەڵبژاردنی مەعسوم سوێندی یاسایی خوارد و بە فەرمی بوو بە سەركۆماری عێراق كە پێدەچێ دۆسییەی زۆر و ئاڵۆزیی زۆر چاوەڕوانیی بكا، بەتایبەت لە ئێستادا كە كورد لە لایەك باس لە ریفراندۆم و جیابوونەوە لە عێراق دەكا و لەلایەكیش بەرزترین پۆستی لە عێراق بەدەستەوەیە كە بەپێی دەستوور پاراستنی خاك و سەروەریی وڵات یەكێكە لە زەقترینی ئەو ئەركانەی كە بەلای عەڕەبەكانەوە جێی مشتومڕی زۆرە و وای بۆ ناچن ئەو دوو ئەركە بە كورد كە داوای جیابوونەوە دەكا بكرێ.