جيهان

سەرکۆمار ئەردۆغان: "لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەتیی، ھەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئیسرائیل-فەڵەستین دەدەین"

سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "حەماس بەو وەڵامەی دایەوە پێی ڕاگەیاندین کە ئامادەی ئاشتیی و دانوستانە. واتا گوتەیەکی پێچەوانەی دەرنەبڕی. بە بڕوای من ئەمە ھەنگاوێکی زۆر زۆر بەنرخە. حەماس لە ئیسرائیل لەپێشترە".

Özcan Yıldırım  | 08.10.2025 - نوێکردنەوە : 08.10.2025
سەرکۆمار ئەردۆغان: "لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەتیی، ھەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئیسرائیل-فەڵەستین دەدەین"

Ankara

ئەنقەرە - AA

سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "حەماس بەو وەڵامەی دایەوە پێی ڕاگەیاندین کە ئامادەی ئاشتیی و دانوستانە. واتا گوتەیەکی پێچەوانەی دەرنەبڕی. بە بڕوای من ئەمە ھەنگاوێکی زۆر زۆر بەنرخە. حەماس لە ئیسرائیل لەپێشترە".

دوای بەشداری کردنی لە ١٢هەمین لووتکەی ڕێکخراوی دەوڵەتانی تورک لە ئازەربایجان و، دیدار و کۆبوونەوەکانی لەو وڵاتە، سەرکۆمار ئەردۆغان لە کاتی گەڕانەوەی بۆ تورکیا، لە نێو فڕۆکەکەی وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.

سەبارەت بە پلانی ترەمپ لە بارەی غەززە، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: ''لەم پرۆسەیەشدا ھەمیشە لە پەیوەندیدا بووین لەگەڵ حەماس. ئێستا هەر لە پەیوەندیداین. باس لەوە دەکەین کە ڕێگا گونجاوەکە چییە، چی بکرێت بۆ ئەوەی فەڵەستین بتوانێت بە ھەنگاوی دڵنیایی بەرەو داھاتوو ھەنگاو بنێت''.

گوتیشی: ''حەماس بەو وەڵامەی دایەوە پێی ڕاگەیاندین کە ئامادەی ئاشتیی و دانوستانە. بە بڕوای من ئەمە ھەنگاوێکی زۆر زۆر بەنرخە".

سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە هەوڵەکانیان کرد بۆ چارەسەرکردنی پرسی فەڵەستین و، ڕایگەیاند: ''ھەم لە سەردانماندا بۆ ئەمریکا و ھەمیش لە دوایین پەیوەندی تەلەفۆنییماندا، بۆ بەڕێز ترەمپ-مان ڕوونکردەوە کە چۆن دەکرێت چارەسەر لە فەڵەستین بەدیبێت. ئەویش بە تایبەتی تکای لێکردین لەگەڵ حەماس گفتوگۆ بکەین و ڕازی بکەین. دەستبەجێ پەیوەندیمان بە موخاتەبەکانمانەوە کرد لەم بارەیەوە".

ڕاشیگەیاند: "لەسەر بنەمای چارەسەریی دوو دەوڵەتی، ھەوڵ دەدەین و تێدەکۆشین بۆ ئەوەی کێشەی ئیسرائیل-فەڵەستین چارەسەر بکەین".
سەرکۆمار ئەردۆغان: "پێشینەی کارمان ئەوەیە هەرچی زووە ئاگربەستێکی بەپەلە و گشتگیر دەستەبەر بکرێت. سەرەتا پێویستە ئەمە سەربخەین. پێویستە هەرچی زووە هاوکاریە مرۆییەکان بگەنە غەززە".

سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە زۆر زۆر گرنگە غەززە وەک خاکی گەلی فەڵەستین بمێنێتەوە و، ڕایگەیاند: ''زۆر گرنگە فەڵەستینییەکان لە کۆتاییدا غەززە بەڕێوەببەن".

دەربارەی هێرش و پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: ''ئەو ھێرشانەی ئیسرائیل کە یاساکانی خستووەتە ژێرپێ، وەک پەڵەیەکی ڕەش چووەتە مێژووەوە. ئەوەی ئیسرائیل دەیکات بەرگریی ڕەوا نییە، بەڵکو جینۆساید و تیرۆرێکی پلاندانراوە''.

سەبارەت بە کەشتیگەلی جیهانیی سومود، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "وەک تورکیا لە یەکەم ساتی بە ڕێکەوتنی کەشتیگەلی جیهانیی سومود بە فڕۆکە بێفڕۆکەوان و کەشتییەکانمان لە نزیکەوە چاودێریی پڕۆسەکەمان کرد".

ڕاشیگەیاند: "منیش لەو دیمەنانەی ڕۆژی یەکشەممە لەلایەن ئاکینجیەکانمانەوە بەدەستهات، لە بەیانیەوە تائێوارە تەماشای ئەوەم دەکرد کە کەشتیگەلی سومود لە کوێیە و لە چ دۆخێکدایە".

سەرکۆمار ئەردۆغان لە بارەی پێشهاتەکانی سووریا ڕایگەیاند: "ئەوانەی ڕوویان لە ئەنقەرە و دیمەشقە سەردەکەون. ھاوپەیمانی تورک و کورد و عەرەب کلیلی ئاشتیی و ئارامیی ھەتاھەتاییە لە ناوچەکەدا".

ڕاشیگەیاند: "ھێزەکانی سووریای دیموکرات دەبێت پابەندی ئەو بەڵێنە بن کە داویانە. دەبێت یەکگرتن لەگەڵ سووریا تەواو بکات".

لە بارەی دەستپێکی ساڵی نوێی یاسادانان لە پەرلەمانی تورکیا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئەگەر بێینە سەر ئەو وێنەیەی لە پێشوازیدا گیرا. ئەو وێنەیە، وێنەی ڕاستەقینەی تورکیایە".

سەبارەت بە پرسی فڕۆکەی جەنگیی F-35، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "لەو کۆبوونەوەیەی لەگەڵ بەڕێز ترەمپ ئەنجامماندا، پەیامی ئەرێنییمان لەم بارەیەوە وەرگرت. بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا باسی بابەتی F-35مان کرد".

ڕاشیگەیاند: ''(ئەمریکا) گفتوگۆ تەکنیکیە پێویستەکان بۆ هەڵنانی ھەنگاوی بەرجەستە ئەنجام دەدرێن. ھیوادارین ھەم بابەتی F-35 چارەسەر بکرێت، ھەمیش سزاکانی کاتسا CAATSA لاببرێت''.

سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بە پرسی هاڵک بانک کرد و، ڕایگەیاند: "بەڕێز ترەمپ گوتی کێشەی هاڵک بانک بەلای ئێمە کۆتایی هاتووە. ئەمە بەیانی ئیرادەیەکی سیاسیی گرنگە و بۆ ئێمەش بەنرخە".

سەبارەت بەو ئەو تاوانانەی کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ ئەنجامی دەدەن، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: ''ئەو تاوانانەی کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ ئەنجامی دەدەن، دڵمان دەسووتێنن. پێداگرین لە ڕزگارکردنی منداڵانمان لە دەست ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و باندەکانی تاوان".

پەیوەست بە ڕێکخستنەکان سەبارەت بەو منداڵانەی ڕاپێچی تاوان دەکرێن، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: ''وەک دەوڵەت لە ھەوڵێکی گشتگیرداین لەم بارەیەوە.بە ١١ھەمین پاکێجی یاسایی، کاریگەری سزادانەکان زیاد دەکەین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın