Mazın Asad
28 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2018
پەکین - AA
سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئون رایگەیاند: "ئەگەر کۆریای باشوور و ئەمریکا وەڵامی نیازپاکییەکانمان بدەنەوە، ئەوا کێشەی ئەتۆمی نیمچە دوورگەی کۆریا چارەسەر دەبێت".
ئاژانسی شینھوا بڵاوی کردەوە، سەرۆکی کۆریای باکوور و سەرۆکی کۆمیتەی پارتی کرێکاران، کیم جۆنگ ئون لەسەر داوەتی سەرۆکی چین و سکرتێری گشتی پارتی کۆمۆنیست، شی جین پینگ لە ٢٥-٢٨ی ئادار سەردانێکی نافەرمی بۆ چین ئەنجام داوە.
لە کۆبوونەوەی کیم جۆنگ ئون و شی جین پینگ تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، پێشھاتەکانی کۆریای باکوور و لووتکەی سەرکردەکانی کۆریای باکوور لەگەڵ کۆریای باشوور و ئەمریکا کرا کە وا بڕیارە بەڕێوە بچێت.
کیم لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ جین پینگ رایگەیاند: "کۆریای باکوور ھەڵوێستی نەگۆڕی ھەیە لەبارەی پاککردنەوەی چەکی ئەتۆمی. پێداگرین لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی کۆریای باکوو و باشوور لەسەر بنەمای ئاشتی و ھەماھەنگی".
سەرۆکی کۆریای باکوور گوتیشی: "ئامادەی دروستکردنی دیالۆگین لەگەڵ سەرکردەکانی کۆریای باشوور و ئەمریکا. ئەگەر کۆریای باشوور و ئەمریکا وەڵامی نیازپاکییەکانمان بدەنەوە و کەشێکی لەبار بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئاشتی بڕەخسێنن، ئەوا کێشەی ئەتۆمی نیمچە دوورگەی کۆریا چارەسەر دەبێت".
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی چین، شی جین پینگ بە ستایشەوە باسی لە ئیرادەی سەرۆکی کۆریای باکوور کرد لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی بە رێگەی دیالۆگ و دانوستان و ھەروەھا گوتی: "لە پێناو پاککردنەوەی نیمچە دوورگەی کۆریای لە چەکی ئەتۆمی و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە درێژە بە رۆڵی کارای خۆمان دەدەین".