28 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2020
تەرابلوس ــ AA
گوتەبێژی سوپای لیبیا، عەقید محەمەد قنونو رایگەیاند كە كۆنترۆڵكردنەوەی شارەکانی سرت و جوفرە بووەتە كارێكی پێویست و هەر چۆنێك بێت، دەبێت كۆنترۆڵیان بكەنەوە.
محەمەد قنونو لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "لەئێستادا سرت بووەتە هەڕەشە و مەترسی بۆسەر ئاسایش و ئاشتی وڵاتەكەمان، چونكە شارەكە بووەتە جێگەی چەكدارە بەكرێگیراوەكانی بیانیی و چەتە تاوانبارەكان دوای ئەوەی لە تەواوی سنووری كارگێڕی تەرابلوسی پایتەخت و شاری تەرهونە وەدەرنران".
گوتیشی: "لە لایەكی دیكەوە چەكدارە بەكرێگیراوەكانی (واگنەر)، بنكە و فڕۆكەخانەی جوفرە-یان كردووەتە ناوەندی فەرماندەیی تایبەت بە خۆیان تا كێڵگە نەوتییەكانی باشووری لیبیا داگیر بكەن".
گوتەبێژی سوپای لیبیا، عەقید محەمەد قنونو راشیگەیاند كە كۆنترۆڵكردنەوەی شارەکانی سرت و جوفرە لە هەر كاتێك زیاتر، بووەتە كارێكی پێویست و هەر چۆنێك بێت، دەبێت كۆنترۆڵیان بكەنەوە و گوتی:
"سوورین لەسەر ئەوەی ئەگەر بە ئاشتی بێت یان بە هێزی چەكداری، سرت و جوفرە كۆنترۆڵ بكەینەوە".
محەمەد قنونو باسی لەوەیش كرد كە ژمارەیەك وڵاتانی عەرەبی و بیانیی، بێ ئەوەی ناویان ئاشكرا بكات بەرپرسن لە پاڵپشتیكردنی چەكدارە بەكرێگیراوەكانی بیانی و گوتی:
" قسەكردن لەسەر رایگەیاندنی ئاگربەست لەو كاتەی چەكدارە بەكرێگیراوەكانی بیانیی، سرت و جوفرە و لەگەڵ كێڵگە نەوتییەكانیان داگیركردووە، هیچ قبوڵكراو نییە".
دوێنێ هەینی دامەزراوەی نیشتمانی نەوتی لیبیا رایگەیاندبوو كە ژمارەیەكی زۆری چەكدارە بەكرێگیراوەكانی بیانیی بە ئۆتۆمبێلی سەربازی چوونەتە ناو كێڵگەی شەرارە باشووری لیبیاوە.