Ömer Tuğrul Çam
21 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 22 نیسان 2023
برۆکسل/ رامستێن - AA
سکرتیری گشتیی ناتۆ، یەنس ستۆلتنبێرگ رایگەیاند سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی بەشدرای لەو لووتکەیەی ناتۆ دەکات کە ١١-١٢ی تەمووز لە ڤیلنیوسی پایتەختی لیتوانیا بەڕێوەدەچێت.
ستۆلتنبێرگ، پێش کوبوونەوەی گرووپی پەیوەنديی بەرگریی ئۆکراینا لە بنکەی سەربازیی رامستین لە ئەڵمانیا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
ستۆلتنبێرگ، ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لە دوای هێرشکردنی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا لە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٢وە ئەمە یەکەم جارە سەردانی ئەو وڵاتە دەکات و رایگەیاند، لە قسەکردنیدا لەگەڵ زێلێنسکی پەیامی ئەوەی پێگەیاندووە کە تاکو کۆتایی پاڵشتیی ئۆکراینا دەکەن.
یەنس ستۆلتنبێرگ، گوتی: "هەروەها لەگەڵ سەرۆک زیلێنسکی تاوتوێی ئامادەکارییەکانی لووتکەی ناتۆمان کرد کە لە مانگی تەمووزدا لە شاری ڤیلنیوس بەڕێوەدەچێت. ئەوم بۆ کۆبوونەوەی لووتکەکە بانگهێشتکرد. بانگهێشتەکەی قەبوڵ کرد و خۆشحاڵم بەوەی بەشداری لە لووتکەکە دەکات".
سکرتێری گشتیی ناتۆ ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە لووتکەکەی ساڵی ٢٠٠٨ی بوخارست بڕیاریان لەسەر ئەوە دا کە لە داهاتوودا ئۆکراینا ببێتە ئەندامی ناتۆ و رایگەیاند لەگەڵ زێلینسکی پرسی ئەندامبوونی ئۆکراینا لە ناتۆ و گەرەنتییە ئەمنییەکانیان تاوتوێ کردووە.
ستۆلتنبێرگ گوتی: "لە رۆژێکدا کاتێک کە ئەم جەنگە تەواو دەبێت لەوە دڵنیابین کە مێژوو خۆی دووبارە ناکاتەوە، رووسیا سەرلەنوێ شەڕ نەکاتەوە سەر ئۆکراینا و ئاسایشی ئەورووپا لەتلەت نابێت. لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە گفتوگۆ لەسەر چوارچێوەیەکی ئەمنی بکەین".
یەنس ستۆلتنبێرگ، ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە لە کۆبوونەوەکەی دوێنێی کیێڤ پەیامی ئەوەی داوە کە "شوێنی راستەقینەی ئۆکراینا ناتۆیە" و جەختی لەوە کردەوە کە بۆ ئەوەی ئۆکراینا وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری بەردەوام بێت لە مانەوە ئەوە پێویستی بە پاڵپشتیی ناتۆ هەیە.