Mustafa Melih Ahıshalı,Muhammet Ali Kemal
10 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2017
تاران- AA
رێورەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی سەرکۆماری پێشووتری ئێران، هاشمی رەفسەنجانی بۆ خۆپیشاندانی پشتیوانیی لە سەرکردەی ریفۆرمخواز، سەید محەمەد خاتەمی و سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی دەستبەسەر، میر حسێن موسەوی گۆڕدرا.
تەرمی رەفسەنجانی دوای ئەوەی لە زانکۆی تاران بەپێشنوێژی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی و بەئامادەبوونی هەزاران کەس نوێژی مردووی لەسەرکرا، بەرەو گۆڕستانی ئایەتوڵڵا خومەینی لە باشووری تاران بەڕێکرا.
هاوکات گرووپێک کە بەشدارییان لە رێورەسەمەکەدا دەکرد لە بەرژوەندی هەریەک لە سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن، میرحسێن موسەوی و سەرکۆماری پیشووتری ئێران، سەید محەمەد خاتەمی درووشمی ''یا حسێن، میر حسێن''، ''وەسیەتی هاشمی، بەرگرییکردنە لە خاتەمی''، ''ئەمڕۆ رۆژی پرسەیە، پرسەی موسەوی و کەڕوبییە''یان دەگوتەوە.
تەنانەت ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە بڵندگۆیان لەسەر دانرابوو و لێیانەوە سروودی ئایینی دەخوێنرایەوە، بەس نەبوو بۆ ئەوەی دەنگی ئەو درووشمانە بشارێتەوە کە لە بەرژەوەندی موسەوی و خاتەمی دەگوترانەوە.
لەو رێورەسمەدا کە ژمارەیەکی زۆر سەرباز و پۆلیس ئەرکیان پێ سپێردرابوو، لە کاتی بردنی تابوتەکە بەرەو شەقامی ئینقیلاب، قەرەباڵغییەکی ئێجگار زۆر درووستبوو کە بووە مایەی برینداربوونی ژمارەیەک کەس.
لەنێو بەرپرسە باڵا بەشدارەکانی رێورەسمەکەدا، فەرماندەی سوپای قودس، قاسم سولەیمانی بوونی هەبوو.
لای خۆیشییەوە فایزە رەفسەنجانی کچی هاشمی رەفسەنجانی کە بەنزیکیی لە ریفۆرمخوازەکان ناسراوە، لەناو ئەو پاسەوە کە تێیدا بەشداریی رێورەسمەکەی کرد، سڵاوی لە بەشداربووان کرد.
تەرمەکەی رەفسەنجانی دوای نوێژی نیوەڕۆ لە گۆڕستانی ئایەتوڵڵا خومەینی لە باشووری تاران بەخاک سپێردرا.
حکوومەتی ئێران رووداوەکانی ساڵی ٢٠٠٩ی دوای ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار کە تێیدا موسەوی خۆی کاندیدکردبوو، بە''ئاژاوەگێڕیی'' ناودەبات. موسەوی بەتاوانی ''رێبەرییکردنی ئاژاوەگێڕیی'' نزیکەی ٦ ساڵە لەناو ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەرە. ھاوکات خاتەمی بەتۆمەتی پشتیوانیی لە موسەوی و بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێ سنووردارکراوە و قەدەغەی بڵاوکردنەوەی دیمەن و ڤیدیۆی لەسەرە.
رەفسەنجانی کە سەرۆکی ئەنجوومەنی دیارییکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران و لەنێوان ساڵانی ١٩٨٩-١٩٩٧دا بۆ ماوەی دوو خولی چوار ساڵی سەرکۆماری ئێران بوو، رۆژی یەکشەممە بەجەڵتەی دڵ لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.