Kasım İleri
04 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2018
واشنتۆن- AA
فه‌رمانده‌ی هێزه ناوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا (CENTCOM)، جه‌نه‌راڵ جۆزێف ڤۆتێل ئاشكرای كرد له گفتوگۆیه‌كی قورسدان له‌گه‌ڵ توركیادا سه‌باره‌ت به سووریا.
جه‌نه‌راڵ جۆزێف ڤۆتێل له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ شه‌ڕی دژی داعش، برێت ماكگۆرگ و سه‌رۆكی ئاژانسی گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌مریكا، باڵیۆز مارك گرین له پانێڵی "سه‌قامگیریی له عێراق و سووریا له دوای داعش" كه له لایه‌ن په‌یمانگه‌ی ئاشتییه‌وه سازكرابوو، قسه‌یان كرد.
فه‌رمانده‌ی هێزه ناوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا، جه‌نه‌راڵ جۆزێف ڤۆتێل له وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی توركیا و ئه‌مریكا له سووریا جیاوازیی كه‌وتووه‌ته نێوانیانه‌وه سه‌باره‌ت به كاری له‌پێشینه‌یان له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه له بابه‌تی منبجدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ناڵه‌كانی په‌یوه‌ندییكردن له‌گه‌ڵ توركیادا باش و كراوه‌ن.
جه‌نه‌راڵ جۆزێف ڤۆتێل جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه له رووی ئه‌وه‌ی زۆرێك له وڵاتانی ناوچه‌كه چالاكییان هه‌یه، دۆخه‌كه ئێجگار ئاڵۆزه و گوتی:
"له‌گه‌ڵ توركیادا له‌وباره‌یه‌وه (سووریا) له دیالۆگێكی زۆر قورسداین. شتێكی گرنگ كه له سووریا فێربووین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك هێزی زۆر له ناوچه‌كه‌ن، پێویسته میكانیزمتان هه‌بێت بۆ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌كاندا. پێویسته میكانیزمگهلی ئه‌وتۆتان هه‌بێت كه نه‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی گرژییه‌كان كه‌مبكاته‌وه و به قسه‌كردن و هه‌ماهه‌نگیی و جیاكاریی چاره‌سه‌ریان بكات تاوه‌كو هاوپه‌یمانانی ناتۆ به‌ره‌وڕووی یه‌كتر نه‌وه‌ستنه‌وه و نه‌كه‌وینه ئه‌و چالاكییانه‌وه كه خوازیار نیین به‌شێك بین لێی".
فه‌رمانده‌ی هێزه ناوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی باش به مه‌به‌ستی جیاكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا و ئه‌مریكا به شێوه‌یه‌كی پارێزراو له ئارادایه و جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه ئامانجی خۆشی ئه‌وه‌یه ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی په‌یوه‌ندیی كه له‌گه‌ڵ توركیادا له ئێستادا بوونیان هه‌یه، به‌كراوه‌یی بمێننه‌وه.
- گوزارشتی "هاوبه‌شی سه‌ره‌كیمان" بۆ یه‌په‌گه\په‌كه‌كه
فه‌رمانده‌ی هێزه ناوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا، جه‌نه‌راڵ جۆزێف ڤۆتێل تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كان دژی داعش سه‌ركه‌وتوو بوون و له‌گه‌ڵ كه‌مبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی داعشدا كه‌شه سه‌ره‌كییه‌كان جارێكی دیكه سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ته‌وه.
جه‌نه‌راڵ جۆزێف ڤۆتێل باسی له‌وه‌كرد كه زیاتر له‌سه‌دا ٩٠ی ئه‌و خاكه‌ی به‌ده‌ست داعشه‌وه بووه كۆنترۆڵكراوهتهوه و گوتی: "ئه‌وان (داعش) هێشتا ناوچه‌یه‌كی بچووكیان به‌ده‌سته‌وه‌یه كه چالاكی تیادا ئه‌نجامده‌ده‌ن. پێویسته له‌و ناوچانه ئۆپه‌راسیۆنه‌كانمان به‌رده‌وام بن".
فه‌رمانده‌ی هێزه ناوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا، جه‌نه‌راڵ جۆزێف ڤۆتێل باسی له ئۆپه‌راسیۆنی لقی زه‌یتون كرد كه توركیا دژی تیرۆریستانی یه‌په‌گه/په‌كه‌كه له عه‌فرین ده‌ستیپێكردووه و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه كاریگه‌ریی له‌سەر ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دژی داعش له رۆژهه‌ڵاتی سووریا كردووه و گوتی: "ئه‌مه (لقی زه‌یتون) كاریگه‌ریی هه‌بوو. له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كێك له هاوپه‌یمانه‌كانمان كاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر دۆخه‌كه نیشاندا و به‌شێوازی خۆی هه‌ڵسوكه‌وتی كرد، ئۆپهراسیۆنهكانمانی هێواشكردهوه. ئه‌مه واتای چییه بۆ ئێمه؟ پێویسته هه‌وڵی چڕكردنه‌وه‌ی فشاره‌كان بده‌ین له‌سه‌ر داعش و له لایه‌كیش له هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییهكاندابین".
له وه‌ڵامی پرسیارێكدا له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی تیرۆریستانی یه‌په‌گه/په‌كه‌كه له رۆژهه‌ڵاته‌وه بۆ عه‌فرین و خستنه مه‌ترسیی ئامانجی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش و هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا له‌وباره‌وه جه‌نه‌راڵ جۆزێف ڤۆتێل گوتی: "لێره‌دا هه‌میشه رێگایه‌ك هه‌یه. پێویسته له‌باره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه كاری زیاتر بكه‌ین. كاتێك ته‌ماشای هێزه‌كانی سووریای دیموكرات ده‌كه‌ین، پێویستیه بیرمان نه‌چێت له‌نیوه زیاتری ئه‌و هێزه كه له 60 هه‌زار كه‌س پێكهاتووه، عه‌ره‌بن. ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئێمه مانه‌وه و كورده‌كانیش هه‌ندێكیان له‌گه‌ڵ ئێمه مانه‌وه. بێگومان پێویسته دۆخه‌كه له‌به‌رچاوبگرین، به‌ڵام پێموایه له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا خۆمان گونجاندووه".
هاوکات نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش، برێت ماكگۆرك باسی له بوونی تیرۆریستانی یه‌په‌گه/په‌كه‌كه له منبج و گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و توركیا كرد له‌وباره‌وه و رایگه‌یاند، هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و گرژییه به‌رده‌وامن.
ماكگۆرك هه‌روه‌ها بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد، بوونی هه‌ندێك گرووپی ئیسلامی له‌نێو ئۆپۆزسیۆنی سووریادا له منبج، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر جیاكاریی ئایدۆلۆجیایی ده‌بێت.