Hakan Çopur,Mazın Asad
04 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2018
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند تا ئەو کاتەی دیوار لە نێوان سنووری ئەمریکا و مەکسیک دروست دەکرێت، سوپای ئەمریکا سنوورەکە دەپارێزێت.
ترەمپ بەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ھەریەک لە سەرکۆماری لیتوانیا، دالیا گریباوسکایت و سەرکۆماری لاتڤیا، رایمۆندس ڤیجۆنس و سەرکۆماری ئەستۆنیا، کیرستی کالجولاید لە کۆشکی سپی، لێدوانی بۆ رۆژنامەوانان دا.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا کە ئاسایشی سنووری مەکسیک-ئەمریکا بۆ وڵاتەکەی زۆر گرنگە و بابەتەکەی لەگەڵ وەزیری بەرگری، جێمس ماتیس تاوتوێ کردووە و گوتیشی: "تاوەکو دیوار دروست دەکرێت و ئاسایش بەرقەرار دەبێت، سنوورەکەمان بە سوپامان دەپارێزین. ئەمە ھەنگاوێکی گەورەیە. پێشتر ئەمەمان نەکردبوو".
دۆناڵد ترەمپ لەبارەی دروستکردنی دیوارەوە جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لەگەڵ مەکسیک ھەنگاوی ھاوبەش بھاوێژن و بە پێچەوانەوە لەگەڵ مەکسیک درێژە بە رێککەوتننامەی بازرگانی ئازادی ئەمریکای باکوور نادەن و راشیگەیاند دووبارە لەوبارەیەوە لەگەڵ ئەو وڵاتە بابەتەکە تاوتوێ دەکەن.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و رووسیا، ترەمپ گوتی: "دەمانەوێت لەگەڵ رووسیا رێک بکەوین. رێککەوتن لەگەڵ رووسیا شتێکی باشە، شتێکی خراپ نییە. رەنگە کەس وەک دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر بە رووسیا توند نەبێت".
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا کە ئەمریکا لەبارەی وزەوە ئیتر گەیشتووە بە پێگەی ھەناردەکار و گوتی: "رووسیا ئارەزووی ئەمە ناکات".