Hussein Mahmoud Ragab Elkabany,Zeynep Tüfekçi,Muhammet Ali Kemal,Ramal Abdullah Mahmood
10 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2017
قاهیرە - AA
لە راگەیەنراوی کۆتایی کۆبوونەوەی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبیدا ئاماژە بەوەکراوە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ''ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل'' پووچە و داوا لە ئیدارەی واشنتۆن کراوە بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە.
کۆبوونەوەی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی کە لەسەر داوای هەریەک لە فەڵەستین و ئوردن لە قاهیرەی پایتەختی میسر بەڕێوەچوو، کۆتاییهات.
لەدوای کۆبوونەوەکە ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی راگەیەنراوێکی ١٦ خاڵییان لە ژێر ناونیشانی ''ناساندنی قودس لە لایەن ئەمریکاوە وەک پایتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە بۆ قودس''، بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کۆمکاری عەرەبی بەردەوام دەبێت لە کۆبوونەوەکانی و لەماوەی کەمتر لە یەک مانگدا لەژێر رۆشنایی پێشهاتەکان و بە مەبەستی دیارییکردنی ئەو هەنگاوانەی کە لە داهاتوودا دەنرێن دووبارە کۆدەبێتەوە.
هەروەها لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە ''بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ پووچە و پێشێلکاریی مەترسیداری یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانە، هیچ پابەندییەکی یاسایی بەدوای خۆیدا ناهێنێت''.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە راگەیاندنی قودس بە "پایتەختی ئیسرائیل لە لایەن ترەمپەوە زیان لە هەوڵەکانی بەدیهێنانی ئاشتی دەدات و دەبێتە هۆی تەشەنەسەندنی گرژی و توڕەییەکان و ناوچەکەش پەلکێشی توندوتیژی، ئاژاوە و ناسەقامگیری دەکات. هەروەها ئەو وەرچەرخانەش لە سیاسەتی ئەمریکا بە "پێشهاتێکی مەترسیدار کە یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و ئیدارەی ئەمریکا بە لایەنگریکردنی ئیسرائیل خۆی لە رۆڵی نێوەندگیری لە پرۆسەی ئاشتیدا دووردەخاتەوە" لە قەڵەم داوە.
راگەیەنراوەکە جەختی لەوە کردۆتەوە کە هەنگاوە تاکلایەنەکان بۆ گۆڕینی پێگەی قودس "رەوایەتی بەدەست ناهێنن" و پابەست دەبن بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بە پێویست زانراوە پێگەی قودس بپارێزرێت.
هەروەها بانگهێشتی هەموو وڵاتانیش دەکات کە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن کە پایەختەکەی قودسی رۆژهەڵات بێت بە سنوورەکانی چواری حوزەیرانی ١٩٦٧. لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە "دەبێت ئەمریکا بڕیارەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەوڵەکانی بخاتەگەڕ بە رێگاچارەیەکی ئاشتیانە دەوڵەتی فەڵەستین دابمەزرێت کە پایتەختەکەی قودسی رۆژهەڵات بێت و دەبێت ئیسرائیل ناچار بکرێت کۆتایی بەداگیرکردنی هەموو خاکی فەڵەستین و عەرەب بهێنێت. دەبێت ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راگەیەنراوێک بڵاوبکاتەوە کە ئاماژە بەوە بکات بڕیارەکەی ئەمریکا لە بارەی قودس دژی بڕیارە نێودەوڵەتییەکانە و نایاساییە".
چەند رۆژێک لەمەوبەر، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بڕیاری ژمارەی ٤٧٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ساڵی ١٩٨٠ کە دانی بە راگەیاندنی قودسی رۆژهەڵات وەک پایتەختی ئیسرائیل دا نەنا، پێشێل کرد و قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە بە فەرمی دان بە قودس دابنێین وەک پایتەختی ئیسرائیل".
هەروەها ترەمپ راگەیاند کە وەزارەتی دەرەوەی راسپاردووە بۆ دەستکردن بە ئامادەکارییەکانی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە شاری تەلئەبیبەوە بۆ قودس.
ئیسرائیل لە پێنجی حوزەیرانی ١٩٦٧ەوە قودسی رۆژهەڵاتی داگیرکردووە. لە ساڵی ١٩٨٠وە تاکلایەنە بەشی رۆژهەڵات و رۆژئاوای شارەکەی وەک "پایتەختی یەکگرتوو" راگەیاندبوو.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە پەسەندکردنی بڕیاری ژمارە ٤٧٨ لە ساڵی ١٩٨٠ راگەیاندنی قودسی بە پایتەختی ئيسرائیل، رەتکردەوە.
بە پێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ئەمریکاشەوە دان بەوە دادەنێن کە قودسی رۆژهەڵات لە ژێر داگیرکاریدایە.
سەرجەم ئەو وڵاتانەی دان بە ئیدارەی ئیسرائیل دادەنێن باڵیۆزخانەکانیان لە تەلئەبیبە و هیچ وڵاتێک دان بەوە دانانێت قودس یان بەشی رۆژهەڵات یان رۆژئاوای شارەکە پایتەختی ئیسرائیل بن.