Eshat Fırat,Ramal Abdullah Mahmood
10 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2017
قودس – AA
لە ئاکامی بەریەککەوتنەکانی هاووڵاتییانی فەڵەستینی و پۆلیسی ئیسرائیل لە میانی ئەنجامدانی خۆپیشاندان و گردبوونەوە بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین دژ بە بڕیاری ناساندنی قودس بە "پایتەختی ئیسرائیل" لە لایەن ئەمریکا لە قودسی رۆژهەڵات، کەناری رۆژئاوای داگیرکراو و کەرتی غەززەی گەمارۆدراو، ٢٣١ فەڵەستینی بریندار بوون.
مانگی سووری فەڵەستین رایگەیاند لە شەقامی سەڵاحەددین لە قودسی رۆژهەڵات، ١٢ کەس و لە شارەکانی رامەڵڵا، بەیتولحەم و نابلوس لە کەناری رۆژئاوا، هەروەها لە کەرتی غەززە، ٢١٩ کەسی دیکە بریندار بوون.
سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند لە ٢٠ خاڵ لە کەناری رۆژئاوا و سنووری کەرتی غەززە پێکهەڵپژان و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان روویداوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەی سوپای ئیسرائیلدا ئاماژە بەوە دراوە، نزیکەی ٦٠٠ فەڵەستینی لە خاڵەکانی پێکدادانی کەناری رۆژئاوا بەردیان لە سەربازانی ئیسرائیل گرتووە و تایەی ئۆتۆمبێلیان سووتاندووە و لە خۆپیشاندان و گردبوونەوەکانی سنووری کەرتی غەززەش نزیکەی ٤٥٠ فەڵەستینی و سەربازی ئیسرائیلی رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە.
مانگی سووری فەڵەستین پێشتر رایگەیاندبوو، بە هۆی بەریەککەوتنەکان لە شەقامی سەڵاحەددین لە قودسی رۆژهەڵات ١٢ کەس و لە شارەکانی رامەڵڵا، بەیتولحەم و نابلوس لە کەناری رۆژئاوا ٤٨ کەس و لە سنووری کەرتی غەززەش ٣٢ فەڵەستینی برینداربوون، هەروەها تیشک خراوەتەوە سەر ئەوەی کە بە هۆی رووداوەکانی قودسی رۆژهەڵات ١٣ فەڵەستینیان دەستگیر کردووە و چوار پۆلیسی ئیسرائیلیش بە سووکی بریندار بوون.