Ömer Tuğrul Çam
26 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 26 ئادار 2021
برۆکسل - AA
لە لووتکەی سەرکردەکانی یەکێتی ئەورووپادا، بڕیار لەسەر بەھێزکردنی ھەماھەنگی لە بوارەکانی وەکو ئابووری، کۆچ، پەیوەندی نێوان کۆمەڵگەکان و گەشتکردن لەگەڵ تورکیا درا.
ئەو بەشەی پەیوەندی بە تورکیاوە ھەیە لە راگەیەندراوی لووتکەی سەرکردەکانی یەکێتی ئەورووپا کە لەرێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەڕێوەچوو، لەکاتی بەردەوامبوونی لووتکەکە بڵاوکرایەوە.
لە راگەیەندراوی سەرکردەکانی یەکێتی ئەورووپادا، جەخت لەوە کراوەتەوە کە یەکێتییەکە لەگەڵ ئاسایش و سەقامگیری رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدایە، جگە لەوە بەرژەوەندی لە پەیوەندییەکە لەسەر بنەمای ھەماھەنگی و ھاوبەرژەوەندییە لەگەڵ تورکیا.
راگەیەندراوەکە، خۆشحاڵی لە بارەی کەمبوونەوەی گرژییەکانی رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست، دەستپێکردنی گوتووێژەکانی نێوان تورکیا و یۆنان و کۆبوونەوەکانی چارەسەرکردنی کێشەی قوبرس دەربڕی. لەم بارەیەوە لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە:
"بە مەرجی بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا کەمکردنەوەی گرژییەکان و کارکردنی تورکیا بە شێوەیەکی کرداریی و پەیوەستبوون بەو ھەلومەرجەی کە لە ئەنجامەکانی پێشووی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەورووپا دیاریکراوە، و بۆ بەھێزترکردنی ئەو داینامیکییە ئەرێنییەی ماوەکانی رابردوو، یەکێتی ئەورووپا، بۆ پێشخستنی ھەماھەنگی لە بوارە ھاوبەشەکاندا ئامادەیە بەشێوەیەکی ھەنگاوبەھەنگاو و رێژەیی لەگەڵ تورکیا کاربکات و ئامادەشە لە کۆبوونەوەکەی مانگی حوزەیرانی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەورووپا بڕیاری زیاتر دەربکات".
ھاوکات سەرکردەکانی یەکێتی ئەورووپا، ئامادەیی خۆیان بۆ دەستپێکردنی دیالۆگ لەسەر ئاستی باڵا لەو بوارانەی کە جێگەی بایەخی دوولایەنەیە لەگەڵ تورکیا راگەیاند.
لە راگەیەندراوەکەی سەرکردەکانی یەکێتی ئەورووپا پەیوەندیدار بە پرسی کۆچ ، ئاماژەی بەوە کراوە کە پێویستە پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا لەمبارەیەوە بەھێزبکرێن.
ھەروەھا لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە سەرکردەکانی یەکێتی ئەورووپا، داوایان لە کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا کرد، لێکۆڵینەوە لە بارەی چۆنێتی پێشخستنی بابەتەکانی ھەماھەنگی پەیوەندی نێوان خەڵک و گەشتکردن لەگەڵ تورکیا بکات.
راگەیەندراوەکە باسی لەوەش کرد کە سەرکردەکانی لووتکەکە، لەبارەی پێداچوونەوە بە پرسی یەکخستنی گومرک داوایان لە ئەنجوومەنی یەکێتی ئەورووپا کرد کە لەسەر پرسی دەسەڵاتی کارکردن و لەمپەرەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ئەم پرسە، کۆبوونەوەکانی خۆی لەگەڵ تورکیا چڕ بکاتەوە.