Hemn Baban
14 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2015
د.شێركۆ جەودەت دەڵێت: "ئێستا هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی غاز بۆ توركیا و ئەورووپا دابین بكات، لە پێگەی ئاڵتوونیدایە".
سەرۆكی لێژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان د.شێركۆ جەودەت لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو زانیاریی نوێی لەسەر ئاستی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دركاند و لەم بارەیەوە رایگەیاند: "دیارە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان رایگەیاندووە ئێستا لەرێگەی بۆرییەوە رۆژانە بڕی زیاتر لە 600 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی توركیا دەكرێت و لە ئەمبارەكان لە بەندەری جەیهان هەڵدەگیرێت، هەرچی بۆ ساڵی داهاتووە وەزارەت پێشبینی دەكات لە كۆتایی ساڵی 2016 ئەو بڕە بگاتە سەروو یەك ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا".
سەبارەت بە پڕۆژەی راكێشانی بۆری غازی سرووشتی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا هاوشێوەی بۆرییە نەوتییەكە، د.شێرکۆ جەودەت بە گرنگییەوە پرۆژەكەی هەڵسەنگاند و گوتی: "پرۆژەیەكی ستراتیژی گرنگە كە غازی سرووشتی هەرێمی كوردستان بكات بە بەدیلێك بۆ غازی سرووشتی روسیا چونكە پێشتر رووسیا غازی سرووشتی بۆ ئەورووپا دابین دەكرد. ئەورووپا گەورەترین بەكارهێنەری غازی سرووشتییە لە جیهاندا. پاش ئەوەی قەیرانی ئۆكراینا لە نێوان رووسیا و ئۆكراینا دروست بوو، رووسیا ئێستا لەو رێگەیەوە غازی سرووشتی رەوانەی ئەورووپا ناكات بۆیە هەرێمی كوردستان لە پێگەیەكی ئاڵتوونیدایە بۆ ئەوەی ئەو هەلە بقۆزێتەوە و غازی سرووشتی بۆ توركیا و لەوێوە بۆ ئەورووپا دابین بكات، نەك هەر ئەوە بەڵكو ببێتە پردێك بۆ پەڕاندنەوەی غازی سرووشتی ناوچەكانی دیكەی عێراق و ئێرانیش".
سەرۆكی لێژنەی وزە درێژەی دا و گوتی: "پێگەی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە و زۆر ستراتیژییە. بەتایبەت لە بواری غازی سرووشتی، ئێستا هەلومەرجێكی زۆر هاتووەتەوە پێشەوە و هەرێمی كوردستان دەبێت بەزووترین كات ماڵی خۆی رێك بخات بۆ ئەوەی ئەو هەلانە بقۆزێتەوە".
هەرچەندە كاتی هەناردەكردنی غازی سرووشتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا لە رێگەی بۆرییەوە دیار نییە بەڵام وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێم لە كۆنفڕانسی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان لە لەندەن لە مانگی رابردوودا گوتی بڕیارە ساڵی داهاتوو دەست بكرێت بەهەناردەكردنی غازی سرووشتی هەرێم بۆ توركیا.
شێركۆ جەودەت لەمبارە دوا و گوتی: "بڕیارە پرۆژەی غازی سرووشتی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لە كۆتایی ساڵی 2017 و سەرەتای ساڵی 2018 كۆتایی پێ بێت. هەرچەندە دیار نییە سەرەتا هەرێم چەند بڕی غاز هەناردە دەكات بەڵام ئەو كات بەپێی توانای بۆرییەكە و گونجانییەتی لە رووی زانستی و تەكنیكییەوە دیار دەبێت".
سەرۆكی لێژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە كۆتایی قسەكانیدا پێشوازی لە بوونی پرۆژەیەكی ئێران كرد بۆ راكێشانی بۆری لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ هەناردەكردنی نەوت و غازی ئەمەی دوایی بۆ وڵاتانی دیكە و لە کۆتاییدا دەڵێت: "ئێستا هەرێمی كوردستان لە خەمی ئەوەدایە سەرچاوەكانی ئابووریی فرە بكات، بۆیە بەگشتیی فرەیی لە سەرچاوەكانی ئابووری زۆر گرنگە".