Hamit Hüseyin
14 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2015
سەرۆکی فراکسیونی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو لەبارەی سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکە رۆڵێکی کاریگەری ھەیە و بەتایبەتی بۆ دروستبوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ھەموو ھەنگاوێکی گرتەبەر بۆ کرانەوەی دیموکراسی، و ئەو رۆڵەی بارزانی بە بەرز دەنرخێندرێت. ھەروەھا ئەو ھەنگاوەش گرنگە کە حکوومەتی تورکیا، ئاڵای کوردستان لە تەک ئاڵای خۆی دادەنێت، ئەوەش نیشانەی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی دیموکراسییە".
سەرۆکی فراکسیونی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لە پرۆسەی چاکسازی لە نێو حکوومەتدا کرد و گوتی: "چاکسازی بەردەوامی دەبێت و وا تەسەور دەکرێت لە ساڵی ئایندە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بکات و لە ساڵی داھاتوودا بە ساڵی چاکسازی ناوی دەنێن و ئەو چاکسازییەش زەروورەتێکی گەورەیە لە باشووری کوردستان و ھەروەھا پێویستە ھاوکات لەگەڵ حکوومەت، دامەزراوەکان و ھاووڵاتییانیش یارمەتیدەر بن".
لەبارەی دروستبوونی ھێزێکی چەکداری دیکە لە ھەرێمی کوردستان گوتی: "بوونی ھیچ ھێزێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی وەزارەتی پێشمەرگە پێشێلکاری سەروەری وڵاتە و ئەو وڵاتە بەرەو سەقامگیری دەڕوات و لە ئێستاشدا ھەموو ھێزەکان لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەن".