Dlshad Saifaalddin Ahmed
14 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 15 ئاب 2018
سلێمانی- AA
سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، شێركۆ جەودەت لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە ململانێیەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، گەمارۆكانی سەر ئێران و كاریگەرییان لەسەر عێراق، هەناردەكردنی نەوتی عێراق بۆ ئێران، بژاردەی بەردەم عێراق بۆ رەوانەكردنی نەوتەكەی بۆ بازاڕەكانی جیهان لە دوای قەدەغەكردنی مامەڵەی نەوت و غاز لەگەڵ ئێران، پرسی ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر نەوت و ئاستی هەناردەی ئێستای نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە و داهاتەكەی دەكات، هەروەها باس لە گرنگی توركیا دەکات لە ئێستادا بۆ گەیاندنی نەوتی عێراق بە بازاڕەكانی جیهان.
شێركۆ جەودەت سەرەتا لە بارەی ململانێیەكانی نێوان هەردوولا و گەمارۆكانی ئەمریكا لەسەر ئێران قسەی كرد و گوتی: "ئەو ململانێیەی لە نێوان ئەمریكا و ئێران هەیە مەترسیدارە و كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر نرخی نەوت لە جیهاندا، دەمێنێتەوە لەسەر ئەوەی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە لەم نێوەندەدا چۆن بەرەوڕووی ئەو گرفتە دەبێتەوە، چونكە مامەڵەكردن لەگەڵ ئێراندا بەتایبەتی لە كاڵا ستراتیجییەكاندا لەوانەش نەوت و غازی سرووشتی لە لایەن ئەمریكاوە قەدەغەیە ئێستا، هەروەها مامەڵەكردن بە دراوی قورسەوە قەدەغە كراوە، ئەمەش كاردانەوەی دەبێت لە لایەن ئێرانەوە بەرامبەر عێراق و ئەو وڵاتانەی كە جێگای پڕ دەكەنەوە لە ئۆپیك بۆ بەرهەمهێنانی نەوت، بەو هۆیەشەوە ململانێیەكی مەترسیدار دەبێت".
سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان گوتیشی: "پێویستە عێراق ئامادەكاری خۆی بكات بۆ ئەوەی كەمترین زیان بكات لەو پریشكی ململانێیەی نێوان ئەمریكا و ئێران، بە نموونە ئەو هەڵمەتەی كە وەبەرهێنەری ئێرانی رووبەڕووی عێراقی دەكاتەوە، بە هۆی ئەوەی دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانییەوە هەڵئاوسان و گرانی لە وڵاتەكەدا سەرهەڵدەدات و رێژەی بێكاری بەرز دەكاتەوە، هەروەها وەبەرهێنەرێكی زۆر لە ئێرانەوە بە دوای بازاڕی گەرمدا دەگەڕێن بە هۆی كزبوونی بازاڕی ئێرانییەوە، دەرەنجام چاوەڕوانی هاوبەشی و پێكەوە كاركردنن لەگەڵ وەبەرهێنەرە عێراقییەكان بە هەرێمی كوردستانیشەوە، بۆیە پێویستە بە زوویی رێوشوێن بەرامبەر ئەوانە بگیرێتە بەر تاوەكو دەستی كاری خۆماڵی كاری لە پێشینە بێت و بازاڕەكان بپارێزرێت لەو تەوژمە كە ئەگەر وریا نەبین رێژەی بێكاری و گرانی لە هەرێمی كوردستان زیاتر بەرز دەكاتەوە".
شێركۆ جەودەت هەروەها گوتی: "لە دوای سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران و لە ئەگەری زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخەكە، عێراق نابێت مامەڵەی نەوت و غاز لەگەڵ ئێران بكات، هەروەها گەرووی هورمز یەكێكە لەو تەنگاوانەی كە زۆر هەستیارە و ئێران لەوێوە گوشاری گەورە دەكات لەسەر هاتوچۆی نەوتی وڵاتانی كەنداو، دەرەنجام ئەوەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئێران دەبێت، لەهەمانكاتدا عێراق ناچار دەكات تەنها لە رێگەی توركیاوە بتوانێت نەوت هەناردەی دەرەوە بكات، ئەمەش رێگا خۆش دەكات بۆ ئەوەی نەوتی كەركووكیش لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە بەرەو توركیا بڕوات".
سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، شێركۆ جەودەت ئاماژەی كرد بەوەی، لەئێستادا نەوتی كەركووك بە ئاگاداری حكوومەتی عێراق و لە رێگای تەنكەرەوە رەوانەی ئێران دەكرێت، بەڵام نازانرێت داهاتی ئەو نەوتە بۆ كێ دەبێت، ئەو لەو بارەیەوە گوتی: "حكوومەتی عێراق ئاگادارە لەوەی نەوتی كەركووك بڕێكی لە رێگای تەنكەرەوە دەنێردرێت بۆ ئێران، بەڵام بە هۆی سزاكانی ئەمریكاوە كە قەدەغەی مامەڵەی نەوت و غاز دەكات لەگەڵ ئێران دەبێت ئەوەش بوەستێت، هیچ لایەنێكی چاودێریش تا ئێستا ئەوەی دڵنیا نەكردووەتەوە كە داهاتی ئەو نەوتەی بە تانكەر رەوانەی ئێران دەكرێت بۆ كێیە، لەكاتێكدا پێویستە ئەو داهاتە بۆ حكوومەتی عێراقی بێت، بێگومان تەمومژ و رێكاری گەندەڵیش زۆرە كە لەم بوارەدا هەستی پێكراوە و پێویستی بە سەلماندنی یاسایی هەیە".
سەبارەت بە دامەزراندنی بۆرییەكی نەوتی نوێ لە عێراقەوە بۆ توركیا بۆ گواستنەوەی نەوتی وڵاتەكە بۆ بازاڕەكانی جیهان، شێرکۆ جەودەت لە وەڵامدا گوتی: "ئەو بۆرییە تازەیەی بڕیارە بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا بگوازێتەوە تا ئێستا نەگەیشتووەتە ئەو قۆناغەی كە دابمەزرێت، بەڵام نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆری خۆیەوە بەردەوامە لە ناردنی بۆ بەندەری جیهان و رۆژانە زیاتر لە 320 هەزار بەرمیل هەناردەی دەرەوە دەكرێت".
ئەو قسانەی پەرلەمانتارەكەی كوردستان لە كاتێكدایە ئەمڕۆ، سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی بەسەردانێكی رەسمی دەگاتە توركیا و یەك لە تەوەری گفتوگۆكانی نێوان بەرپرسانی هەردوو وڵات، پرسی گواستنەوەی نەوتی عێراق لە رێگەی توركیاوە بۆ بازاڕەكانی جیهان دەبێت.
سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی سەربەخۆ و لە رێگەی خۆیەوە بەردەوامە لە رەوانەكردن و فرۆشتنی نەوتەكەی و ئەو پارەیەی مانگانە بەغدا رەوانەی هەرێمی كوردستانی دەكات پەیوەندی بە ناردنی نەوتەوە نییە.
شێركۆ جەودەت كە هاوكات ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابورییە لە پەرلەمانی كوردستان لەو بارەیەوە گوتی: "هەرێمی كوردستان سەربەخۆ نەوتی خۆی دەفرۆشێت و تا ئێستا گواستنەوە و فرۆشتنی ئەو نەوتە هیچ پەیوەندییەكی بە سۆمۆوە نییە، بەڵام عێراق لە رێگەی بەندەری جیهانەوە ئاگادارە لەوەی رۆژانە هەرێمی كوردستان چەند نەوت رەوانەی دەرەوە دەكات، ئەو پارەیەشی كە بەغدا مانگانە دەینێرێت بۆ هەرێمی كوردستان و بڕەكەی 317 ملیار دینارە پەیوەندی بە بوودجەی عێراقییەوە هەیە كە پشكی هەرێمی كوردستانە و بەپێی یاسای بوودجەی ساڵی 2018 دیاریكراوە".
ئەو باس لەوەش دەكات، جگە لە رەوانەكردنی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جیهانی توركی، هەرێمی كوردستان لە رێگەی تانكەریشەوە نەوت و موشتەقاتەكانی رەوانەی ئێران دەكات، بەڵام بە هۆی سزاكانی ئەمریكا دەبێت گواستنەوەی ئەو نەوتە بۆ ئێران رابگرێت و بۆ توركیای بگوازێتەوە.
لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا و لە بارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و وزە، شێركۆ جەودەت گوتی: "تا ئێستا قۆناغەكانی نێوان حكوومەتی عێراقی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی ئامادەكاریدایە و قۆناغێكی راگواستنە لە قۆناغی پچڕان و دووركەوتنەوەی قۆناغی رابردوو بەرەو ئامادەكاری بۆ لێكنزیكبونەوەیە، ئەوەش پەیوەندی بە دۆخی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە هەیە، بەدڵنیاییەوە دوای یەكلاییكردنەوەی ئەنجامەكان و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، ئەوكات رێكکەوتنی كۆنكرێتی بۆ رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەكرێت كە یەكێكیان پەیوەندی بە نەوت و غازەوە هەیە كە بێگومان دەبێت یاسای نەوت و غاز لە عێراق كە تا ئێستا بوونی نییە بێتە بوون و پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا رێكبخاتەوە".