Hakan Çopur,Mohammed Baqi Hussein
12 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2018
واشنتۆن - AA
رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست ئاشكرای كرد، هه‌ندێك به‌رپرسی تورك به به‌رپرسانی ئه‌مریكایان راگه‌یاندووه، تۆماری ده‌نگی و ڤیدیۆییان له‌به‌رده‌ستدایه كه هاوكاره بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی كوشتنی رۆژنامه‌نووسی سعوودی جه‌مال خاشقچی.
واشنتۆن پۆست به سه‌ردێڕی، "توركه‌كان به به‌رپرسانی ئه‌مریكایان راگه‌یاندووه، تۆماری ده‌نگی و ڤیدیۆییان له‌به‌رده‌ستدایه كه هاوكاره بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی كوشتنی خاشقچی" هه‌واڵێكی بڵاوكرده‌وه و تێڕوانینێكی نوێی بۆ رووداوه‌كه دروستكرد.
هه‌واڵه‌كه به پشتبه‌ستن به هه‌ندێك به‌رپرسی تورك و ئه‌مریكی بڵاوكراوه‌ته‌وه كه ناویان ئاشكرا نه‌كراوه و تێیدا راگه‌یه‌ندراوه، لایه‌نی توركی به ئه‌مریكای راگه‌یاندووه كه به‌ڵگه‌ی ده‌نگی و ڤیدیۆییان له‌به‌رده‌ستدایه له‌باره‌ی كوشتنی خاشقچییه‌وه.
له‌ده‌قی هه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه، "تۆماره‌كان ده‌ریده‌خه‌ن كه 2ی تشرینی یه‌كه‌م تیمێكی ئه‌منیی سعوودی چوونه‌ته نێو کۆنسوڵخانهكه و دواتر له‌كاتێكدا خاشقچی سه‌رقاڵی وه‌رگرتنی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی فه‌رمی بووه، دهستبهسهریانكردووه. دواتر كوشتوویانه و جه‌سته‌یان لەت لەت كردووه".
هه‌روه‌ها راگه‌یه‌نراوه كه تۆماره ده‌نگییه‌كه‌ش ده‌ریده‌خات تیمه ئه‌منییه سعوودییه‌كه به‌رپرسن له كوشتنی خاشقچی.
له‌ده‌قی هه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه كه یه‌كێك له به‌رپرسه‌كان ده‌ڵێت، "له‌تۆماره‌كه‌دا ده‌نگی خاشقچی ده‌بیستن كه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك پیاوی دیكه به عه‌ره‌بی قسه‌ده‌كات و چۆن ئه‌شكه‌نجه‌ی ده‌ده‌ن و دواتر ده‌یكوژن".
هه‌واڵه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه، دیار نییه ئه‌و به‌ڵگانه له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئه‌مریكاوه بینراوه یان نا، به‌ڵام به‌رپرسانی تورك ناوه‌ڕۆكی به‌ڵگه‌كانیان بۆ باسكردوون.
خاشقچی كه به هاوكارییه‌كانی بۆ رۆژنامه‌ی الوهتهن كه پلاتفۆرمێكی گرنگه بۆ ریفۆرمخوازه سعوودیه‌كان، هه‌روه‌ها به بابه‌ته‌كانی له‌باره‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه له راگه‌یاندنه رۆژئاواییه‌كاندا ناسراوه، رۆژی سێ شه‌مه 2ی تشرینی یه‌كه‌م به‌مه‌به‌ستی كاروباری فه‌رمی سه‌ردانی کۆنسوڵگه‌ریی سعوودیه‌ی كردووه له ئیستانبوڵ و دواتر بێسه‌روشوێن بووه و لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌یه‌وه به‌رده‌وامه.