Hemın Othman Mohammed
21 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2017
واشنتۆن - AA
دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، ئانتۆنی سکاراموکسی وەک بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی دامەزراند، گوتەبێژی کۆشکی سپی، شان سپایسەر، دەستی لەکار کێشایەوە.
بەپێی ئەو ھەواڵانەی کە لە راگەیەندنەکانی ئەمریکا بڵاوکراونەتەوە، سپایسەر کە پاش دەستبەکاربوونی ترەمپ وەک سەرۆک کراوەتە گوتەبێژی کۆشکی سپی، دەستیلەکارکێشاوەتەوە.
لە کاتێکدا سپایسەر ھیچ روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە بابەتەکە بڵاونەکردووەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت کۆشکی سپی روونکردنەوەیەکی فەڕمی لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەکە بڵاوبکاتەوە.
بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە دامەزراندنی ئانتۆنی سکاراموکسی وەک بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی، کاریگەری ھەبووە لە سەر بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەکەی سپایسەر. لەبەرئەوەی سپایسەر نیگەران بووە بە بڕیاری دامەزراندنەکە، بەڵام لە قۆناغی راگوزەردا بەردەوامدەبێت لە ھاوکاریکردنی تیمی کۆشکی سپی.
لەلایەکی دیکەوە، باس لەوە کرا سکاراموکسی کە کاتەکانی بەیانی لەلایەن حکوومەتەکەی ترەمپەوە پێشنیاری پۆستی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی بۆ کراوە پەسەندی کردووە.
سکاراموکسی، یەکێکە لەو کەسە گرنگانەی کە ھاوکاری دارایی پێشکەش بە کەمپینی ھەڵبژاردنەکەی ترەمپ کردووە.
پێشتر لە تیمی نزیکی کاری ترەمدا کە لە ٢٠ی کانوونی دووەمدا دەسەڵاتی گرتە دەست، راوێژکاری ئەوکاتەی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، مایکڵ فیلن و بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی، مایک دوک دەستیانلەکارکێشایەوە.