Zana Natık Kerem
02 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2019
بەغدا ــ AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، محەمەد حەكیم بڕیاردا بە داخستنی كۆنسولخانەی وڵاتەكەی لە شاری مەشهەد باكووری رۆژهەڵاتی ئێران، ئەویش بە هۆی ئەو هێرشەی كە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە كراونەتە سەر دوو دیپلۆماتكاری عێراقی.
بەپێی بەڵگەنامەیەك كە سێ رۆژ لەمەوبەر لە لایەن كۆنسولخانەی عێراق لە شاری مەشهەد ئاراستەی نووسینگەی محەمەد حەكیم کراوە، تیادا هاتووە كە رۆژی شەممەی رابردوو، هێزە ئەمنییەكانی ئێران، دوو كارمەندی كۆنسولخانەكەیان لە یەكێك لە شەقامەكانی شارەكە دەستگیركردووە و دواتر لێیان داون.
بەپێی بەڵگەنامەكە، هێزە ئەمنییەكانی ئێران دوو كارمەندەكەیان دەستگیركردووە وێرای ئەوەی پارێزبەندی دیپلۆماتیان هەیە، بەڵام رەوانەی دادگا کراون.
دادگاش داوا دەكات پارە بدرێت بۆ ئەوەی بە كەفالە دوو كارمەندەكە ئازاد بكرێن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە وەزیری دەرەوە، محەمەد عەلی حەكیم بڕیاردا بە هەڵپەساردنی كارەكان لە كۆنسولخانەی عێراق لە شاری مەشهەد، ئەویش بە هۆی ئەو هێرشەی كە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە كراونەتە سەر دوو كارمەندی كۆنسولخانەكە.
هاوكات لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشەی كرد كە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كراونەتە سەر دوو كارمەندی كۆنسولخانەی عێراق لە شاری مەشهەد.
سەرۆكی لیژنەكە، شێركۆ محەمەد لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەو هێرشە بە توندی لە لایەن گەلی عێراقەوە ئیدانە كراوە بە تایبەتیش كە دوو دپیلۆماتكارەكە خاوەن پارێزبەندی دیپلۆماتیین و بەپێی یاسا چوونەتە ئێران".
شێركۆ محەمەد روونیكردەوە، لە كاتێكدا سەدان هەزار هاووڵاتیی ئێران سەردانی عێراق دەكەن و بە باشترین شێوە پێشوازی دەكرێن، كەچی ئەوان لەوێ بەو شێوەیە پێشوازی و مامەڵە لەگەڵ دیپلۆماتكار و هاووڵاتییانمان دەكەن".
هیچ روونكردنەوە و زانیارییەك لەو بارەوە لە لایەن كاربەدەستانی ئێرانەوە بڵاونەكراوەتەوە.