Hemn Baban
02 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2019
به‌غدا-AA
سه‌رباری ئه‌وه‌ی دۆسیه‌ی گەڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ ناوچه‌كانی خۆیان یه‌كێكه له دیارترین بڕگه‌كانی به‌رنامه‌ی كاری ئه‌و كابینه‌یه‌ی كه سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدی بەرلە 11 مانگ پێشكه‌شی كرد، به‌ڵام هێشتا یه‌ك ملیۆن و 500 هه‌زار ئاواره نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه ناوچه‌كانی خۆیان، به‌ڵكو ژماره‌یه‌كی زۆریان رێگه‌ی ئه‌وه‌یان پێ نادرێت و هۆكاره‌كه‌یشی سیاسی و ئابووری و ئه‌منی و هی دیكه‌ن.
نزیكه‌ی پێنج ملیۆن و 800 هه‌زار عێراقی له كۆی 38 ملیۆن كه‌س ناچار بوون بۆ ناوچه‌كانی دیكه هه‌ڵبێن كاتێك رێكخراوی داعش یه‌ك له‌سه‌ر سێی رووبه‌ری عێراقی كۆنترۆڵكرد له هاوینی 2014، دواتر ناوچه‌كانیان بووبه گۆڕه‌پانی شه‌ڕ له نێوان چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه و هێزه‌كانی عێراق.
سه‌رۆكی لێژنه‌ی كۆچ و كۆچبه‌ران له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، ره‌عد ده‌هله‌كی له لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هۆكاری سه‌ره‌كی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ ناوچه‌كانیان بوونی ناكۆكییه له نێوان سیاسییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی كۆنترۆڵی ناوچه‌كانیان بكه‌ن، ئه‌وه جگه له بوونی ئه‌جێندای ده‌ره‌كی كه رێگره له گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌شێك له ئاواره‌كان بۆ ناوچه‌كانیان".
سیاسه‌تمه‌دارانی سوننه مه‌زهه‌ب له عێراق پێیان وایه چه‌ند لایه‌نێكی شیعە رێگریی له گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره سوننه‌كان ده‌كه‌ن بۆ ناوچه‌كانی خۆیان، ئه‌وه‌یش بۆ هێنایه‌دی گۆڕانكاریی دیمۆگرافی له‌و ناوچانه.
رەعەد ده‌هله‌كی گوتیشی: "رێگرییه‌كانی دیكه به‌ڕێژه‌ی كه‌متر دێن، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به رێگرییه‌كانی خزمه‌تگوزاری و ناكۆكیی هۆزه‌كان".
دیارترین ئه‌و ناوچانه‌ی رۆڵه‌كانی نه‌یانتوانیوه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ زێدی خۆیان به‌پێی رەعەد ده‌هله‌كی بریتیین له؛ ناوچه‌ی جورف سه‌خر سنووری پارێزگای بابل كه 100 له‌سه‌د ده‌بێت، هه‌روه‌ها چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سنووری پارێزگای دیاله، به‌تایبه‌ت شارەبان (مقدادییه)، هاوكات هه‌ندێك ناوچه لە سنووری پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددین و ناوچه ئازادكراوه‌كانی نه‌ینه‌واش".
سه‌رۆكی لێژنه‌ی كۆچ و كۆچبه‌ران له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، ره‌عد ده‌هله‌كی ده‌شڵێت کە ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی هێشتا له كه‌مپه‌كاندا ده‌ژیین نزیك به 900 هه‌زار كه‌س ده‌بن، له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌شی كه له ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كان ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن ژماره‌یان بۆ یه‌ك ملیۆن و 500 هه‌زار كه‌س نزیك ده‌بێته‌وه.
سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق باسی له بوونی فشاری سیاسی كرد سه‌باره‌ت به دۆسیه‌ی ئاواره‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌كانی خۆیان، عادل عه‌بدولمه‌هدی له دیدارێكی رۆژنامه‌وانییدا ئابی رابردوو، رایگه‌یاندبوو "هیچ رێگرییه‌ك له هیچ لایه‌نێك نییه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئاواره‌كان بۆ ناوچه‌كانی خۆیان، به‌ڵام له رووی سیاسییه‌وه هه‌ندێكیان دژایه‌تییان بۆی هه‌یه".
عادل عه‌بدولمه‌هدی گوتیشی: "زۆرینه‌ی ئاواره‌كان گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ ناوچه‌كانی خۆیان، ئه‌گه‌رچی حكوومه‌ت بارێكی قورسی كه‌وتووه‌ته سەر شان كه ناتوانرێت به‌چه‌ند ساڵێكیش لای ببات".
سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ سەربە ئەنجوومەنی نوێنەران، فازل غه‌ڕاوی رایگەیاند کە حكوومه‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌سته‌كانی دۆسیه‌كه هۆكارن بۆ دواكه‌وتنی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ شوێنی خۆیان و گوتی:
"له میانی سه‌ردانمان چه‌ندین هۆكارمان هه‌ست پێ كردووه كه رێگرن له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان ئه‌وانیش په‌یوه‌ندییان به لایه‌نه یاسایی و داراییه‌كانه‌وه هه‌یه، هه‌روه‌ها په‌یوه‌سته به میكانیزمه‌كانی خزمه‌تگوزاری بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه، جگه له ئاوه‌دان نه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه به‌ته‌واوه‌تی له لایه‌ن حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانییه‌وه".
فازل غه‌ڕاوی نیگه‌رانی خۆشی نه‌شارده‌وه له دواكه‌وتنی دۆسیه‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه كه ده‌درێت به هه‌ندێك له ئاواره‌كان بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی خانووه‌كانیان.
له دوای شه‌ڕێكی قورس، حكوومه‌تی عێراق له كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 2017 سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر داعش راگه‌یاند و ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه كه سه‌رجه‌م خاكی ژێر ده‌ستی داعش-یان كۆنتڕۆڵكردووه‌ته‌وه.
لێژنه‌ی باڵای به‌هاناوه‌چوون و حه‌وانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران له 26ی ئه‌یلوولی رابردوو كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌ران، نه‌وفل به‌ها مو‌سا گرێدا کە تیایدا نه‌وفل به‌ها مو‌سا رایگه‌یاند "وه‌زاره‌ت و لێژنه‌ی باڵا هه‌وڵی زۆر ده‌ده‌ن ئاواره‌كان به ئاره‌زووی خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناوچه‌كانی خۆیان، جگه له زانینی ئه‌و هۆكارانه‌ی رێگرن له‌به‌رده‌م خێزانه‌كانی دیكه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌كانی خۆیان، جگه له دانانی پلانێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و هۆكارانه.
هه‌روه‌ها لێژنه‌كه بڕیاری داوه تكتی گه‌شتی ئه‌و عێراقییانه‌ی ده‌یانه‌وێت له توركیا ئاره‌زوومه‌ندانه بگه‌ڕێنه‌وه به‌بێ به‌رامبه‌ر دابین بكات، جگه له ته‌رخانكردنی بڕی 100 ملیۆن دینار بۆ چاودێریكردنی ره‌وشی عێراقییه‌كانی ده‌ره‌وه".
ئه‌وه له‌كاتێكدایه وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی له ناوه‌ڕاستی ئهیلوول رایگه‌یاند کە نزیكه‌ی هه‌زار و 449 په‌نابه‌ری عێراقی له توركیاوه گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ عێراق له میانی سێ مانگی رابردوو، ئهنقهرەش ده‌ڵێت 200 هه‌زار عێراقی وه‌كو په‌نابه‌ر له توركیان.
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، سه‌یدۆ چه‌تۆ له لێدوانێكدا 19ی مانگی رابردوو گوتی: "هێشتا 750 هه‌زار ئاواره‌ی نه‌ینه‌وا پێویستییان به خزمه‌تگوزارییه و زۆرێك له ناوچه‌كانی مووسڵ وێرانن و پێویستییان به ئاوه‌دانكردنه‌وه هه‌یه".
حكوومه‌تی عێراق رایگەیاندووە کە پێویستی به 88 ملیار دۆلاره بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ئه‌وه ئاوه‌دان بكاته‌وه كه شه‌ڕ وێرانی كردووه.