Mücahit Aydemir
11 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 11 تەمووز 2021
تەرابلوس - AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دەوڵەت لە لیبیا، خالید میشری رایگەیاند لە چوارچێوەی رێککەوتنە فەرمییەکاندا، هێزەکانی تورکیا و سەربازە بەکرێگیراوەکان لە لیبیا وەک یەک تەماشا ناکرێن.
خالید میشری لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵگای مەدەنی و میدیاكاراندا لە تەرابلوسی پایتەخت، سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمان کە بڕیارە لە ٢٤ی کانوونی یەکەمی داهاتوودا ئەنجامبدرێن، لەبارەی ژێرخانی یاسایی هەڵبژاردنەکان و دوایین پێشهاتەکانی قەیرانی لیبیا دوا.
میشری لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دەرەنجامەکانی دووەمین کۆنفرانسی بەرلین کە تیایدا بوونی سەربازانی بیانیی لە لیبیا تاوتوێ کرا، باسی لەوە کرد کە هێزەکانی تورکیا لەسەر بانگهێشتی حکوومەتی لیبیا و لە چوارچێوەی رێککەوتننامە شەرعییە واژووکراوەکان لە لیبیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکوومەتی یەکێتیی نیشتمانی کە لە مانگی شوباتی رابردوودا لەلایەن كۆڕبهندی دیالۆگی سیاسیی لیبیاوە بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵبژێردراوە، بەپێی ئەو نەخشەڕێگایەی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاریی کردووە بەشێوەیەکی کاتیی هەڵبژێردراوە و دەسەڵاتی بەسەر ئەو رێککەوتنانەی پێشتر کراون، نییه.
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دەوڵەت لە لیبیا هەروەها هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو هێزە بیانیی و سەربازە بەکرێگیراوانەی لە لیبیا هەن کرد و گوتی: ''لیبیا خاکی لیبیاییەکانە. بەشێوەیەکی مەبدەئیانە بوونی هیچ هێزێکی بیانیی لەسەر خاکەکەمان ناخوازین، بەڵام وەک لیبیاییەکان لە ٢٠١٤ەوە برایانی خۆرهەڵاتمان ئیمارات-یان هێنا و لە بنکەی ئاسمانیی ئەلخادم جێگیرکران، ئەوەیش بەپێی راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان جێگیرە. پاشان فڕۆکەکانی فەڕەنسا هاتن و لیبیاییەکانیان بۆردومان کرد، یاخیبوانی چاد و سوودانییەکان، تەنانەت رووسیاییەکانیش هێنران، لەسەر ئەوە ئێمەش داوای هاوکاری نێودەوڵەتیمان کرد و داواکاریمان پێشکەش بە پێنج وڵات کرد، داوای هاوکاریمان لە ئەمریکا، جەزائیر، ئیتاڵیا، تورکیا و ناتۆ کرد، تورکیا رەزامەندی لە پەرلەمانی خۆی وەرگرت بۆ رێککەوتنی دوولانەیە''.
خالید میشری ئەوەشی خستەڕوو کە بە دەستەبەری ئەمریکا، رێککەوتن کراوە بۆ کشانەوەی سەربازانی بەکرێگیراوی بیانیی و جەنگاوەره بیانییهكان لە لیبیا و تورکیاش ئەو رەشنووسەی پەسەند کردووە، بەڵام هەندێک کەسایەتی ناو حکوومەتی نوێ هەوڵی پێشێلکردنی ئەو رێککەوتنەیان داوە.
گوتیشی: ''ئێمە باوەڕمان بە کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی هەموو بیانییەکان هەیە لە لیبیا. سەرەتا بە سەربازە بەکرێگیراوەکان دەست پێ دەکات، بەتایبەتی چادی و سوودانییەکان، پاشانیش جەنگاوەره بیانییهكانی وڵاتانی وەک ئیمارات.بە جەنگاوەره بیانییهكانی واگنەر (ی رووسی)شەوە. دوای ئەوانە دەتوانین باس لە دەرچوونی هێزەکانی تورکیا بکەین، بۆچی؟ چونکە جگە لە هێزەکانی تورکیا تەواوی ئەو لایەنانەی دیکە بە نافەرمی و رێگای نایاسایی هاتوونەتە وڵاتەکەوە، بەڵام تورکیا بە فەرمی و بەشێوەیەکی شەرعیی و ئاشکرا هات، لەبەرئەوە ئەوانە وەک یەک تەماشا ناکرێن و چاوەڕوان ناکرێت هەموو بەیەکەوە دەربچن، دەمانەوێت هەموو هێزەکان دەربچن، بەڵام دەبێت ئەو دەرچوونە قۆناغ بە قۆناغ بێت و دەرچوونی ئەو هێزانەی لە چوارچێوەی رێککەوتنەکان هاتوون لە سەردەمی ئەم حکوومەتە کاتییەدا نابێت، دەبێت لە سەردەمی حکوومەتی هەڵبژێردراودا بێت''.