تاقیکردنەوەیەکی نوێی سەرکەوتووی مووشەکی تایفون (TAYFUN)
Ankara
ئەنقەرە/ڕیزە - AA
سیستمی مووشەک و چەکی تایفون (TAYFUN)، کە بەردەوامە له کارەکانی بەرهەمهێنان و گەیاندنی زنجیرەیی، لە دوایین تاقیکردنەوەیدا ئامانجەکەی بە تەواوی پێکایەوە.
کارەکانی تاقیکردنەوە لەسەر جۆره جیاوازەکانی تایفون، کە ههڵگری نازناوی دوورترین مەودای مووشەکی بالیستیی تورکیایە و بە توانای نیشتمانیی بەرهەم هێنراوە، بەردەوامە.
سەرۆکی دەستەی پیشەسازیی بەرگریی له سەرۆکایەتی کۆماری توركیا، هالوک گۆرگون، لە لێدوانێکیدا سهبارهت به دوایین تاقیکردنەوەی مووشهكهكه، ئاماژهی بهوه كرد کە جارێکی دیكه ئاسمان شایەتحاڵی ئیرادەی گەل بوو.

گوتیشی: "مووشەکی تایفوونـمان بە تاقیکردنەوە سەرکەوتووەکەی، قۆناغێکی نوێی تێپەڕاند کە ئاسۆی ئاسایش و سەقامگیریمان فراوانتر دەکات و هێزی چاوسووركردنهوهمان بەهێزتر دەکات. لەم پرۆسەیەدا بەردەوامین لە زیادکردنی سیستمە نوێیەکان بۆ گەنجینەمان و هێزی چاوسووركردنهوهمان بە ڕێگەچارەی فرە-چین و ناوخۆیی و نیشتمانیی بەهێز دەکەین. ئەم سەرکەوتنە تەنیا پێکانی ئامانج نییە لەلایەن مووشەکێکەوە، بەڵکو بە شانازییەوە تۆمارکردنی گەشتێکی دوور و درێژە کە بە ماندووبوونی ئەندازیاریمان، ژیریی گەنجەکانمان و پێداگریی گەلەکەمان دروستکراوە. هەر بەرزبوونەوەیەک هێڵێکی متمانە بە خۆبوونە کە بە ئاسمانی ئەم نیشتمانە پیرۆزەدا کێشراوە؛ هەر پێکانیش دەنگێکی بەرزە بۆ ئیرادەی تورکیا بۆ پاراستنی ئاسمانەکەی خۆی بە دەستی خۆی. سوپاسی دڵسۆزانەی خۆم ئاڕاستەی خێزانی (Roketsan) دەکەم، لە ئەندازیارەوە تا تەکنیکار، هەروەها هەموو هاوکارانمان کە لەم سەرکەوتنە چارەنووسسازەدا بەشدارییان کردووە. ئەم تواناییە بەرزە، بەڵگەیەکی بەرجەستەیە بۆ بڕیاری تورکیا بۆ پاراستنی داهاتووی. تورکیا بە هەموو هەنگاوێک کە دەینێت، بە متمانەتر، بەهێزتر و پێداگرتر بەرەو داهاتوو ههنگاو دهنێت".
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ڕۆکێتسان (Roketsan)، مورات ئیکینجی سەبارەت بە تاقیکردنەوەکە ڕایگهیاند: "تایفون ئامادەیە بۆ ئەرک. سیستمی مووشەک و چەکی تایفون (TAYFUN)، کە بە خێرایی بەردەوامین لەسەر چالاکییەکانی بەرهەمهێنانی زنجیرەیی و گەیاندنی، لە دوا تاقیکردنەوەیدا ئامانجەکەی بە تەواوی پێکایەوە. لە ناخی دڵەوە پیرۆزبایی لە هەموو ئەو هاوکارانەم دەکەم کە بەشدار بوون لەم سەرکەوتنەدا".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
