Dlshad Saifaalddin Ahmed
26 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 27 مای,س 2019
سلێمانی ـ AA
ئەمڕۆ بە بەشداری زیاتر لە ١١٥ ھەزار قوتابی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی زانستی، وێژەیی و پیشەیی، تاقیکردنەوە گشتییەکان بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٨-٢٠١٩ لە ھەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بۆ ئەو مەبەستەش زیاتر لە چوار ھەزار ھۆڵ بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان و ٢٧ ھەزار چاودێر لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە دابینکراوە.
لە شاری سلێمانی بەرپرسانی ئیداری شارەکە و پەروەردە ئامادەی ساتی دەستپێکردنی یەکەم تاقیکردنەوە بوون لە یەکێک لە خوێندنگە ئامادەییەکانی شارەکە و ھۆڵەکانی تاقیکردنەوەکانیان بەسەرکردەوە.
پارێزگاری سلێمانی، ھەڤاڵ ئەبوبەکر دوای بەسەرکردنەوەی ھۆڵی تاقیکردنەوەکە بۆ رۆژنامەوانان دوا و گوتی: "لە پارێزگای سلێمانی ھەموو پێداویستییە لۆجستییەکانی ئەم پڕۆسەیەمان ئامادە کردووە لە پاراستنی ئەمنییەتی ھۆڵەکانی تاقیکردنەوە تاوەکو دابینکردنی کارەبا و پێداویستییەکانی تری پڕۆسەکە، ئومێد دەکەین پڕۆسەکە بە باشی بەڕێوەبچێت".
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ٦٠٥ ھۆڵی تاقیکردنەوە ئامادەکراوە و ٣٣ ھەزار و ١٣٦ قوتابی قۆناغی ١٢ بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن.
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، دڵشاد عومەر لەو بارەیەوە گوتی: "وەزارەتی پەروەردە نووسراوی بۆ ھەموو پارێزگار و وەزارەتەکانی ناوخۆ و گواستنەوە و گەیاندن و کارەبا کردووە بۆ دابینکردنی ئەمنییەتی پڕۆسەکە و کارەبا و نەمانی ھێڵەکانی ئینتەرنێت لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا و ھاوکاری باش لەو بارەیەوە کراوە".
ئەو باسی لەوەش کرد، ھەوڵی تەواو دراوە بۆ باشترکردنی پێداویستییەکانی پڕۆسەکە و دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ قوتابیان بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانیان.
لە بارەی ھەوڵەکان بۆ رێگریکردن لە گزیکردن لە میانی تاقیکردنەوەکاندا، دڵشاد عومەر لە وەڵامدا گوتی: "چەندین رێگە گیراوەتەبەر بۆ دوورکەوتنەوە لە گزیکردن، لەوانەش ئاڵوگۆڕ لە پرسیارەکان و گرتنەبەری رێکاری پەنجەمۆر".
ھەروەھا بڕیارە سبەی دووشەممە تاقیکردنەوەی نیشتمانی قۆناغی نۆی بنەڕەتی دەست پێ بکات و لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ١١٨ ھەزار قوتابی بەشداری ئەو پڕۆسەیە دەکەن.