ھەولێر
بەپێی قسەی کاوە حەمەنەجم قەرەداخی پڕۆفیسۆر لە زانکۆی سلێمانی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت داھاتە نەوتییەکانی و خەرجییەکانی لەبواری نەوتدا ئاشکرا بکات، بەڵام حکومەتی عێراق رێگری لێدەکات.
پڕفیسۆر کاوە حەمەنەجم قەرەداخی لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی AA گوت: "حکومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین جارە ھەوڵی بەشداریکردن لە دەستپێشخەری شەفافییەت لە پیشەسازییەکانی دەرھێناندا دەدات، بەڵام حکومەتی ناوەندی نایەوێت ھەرێم بەشدار بێت."
دەستپێشخەریی شەفافییەت لە پیشەسازییەکانی دەرھێناندا کە بە EITI دەناسرێت، پێوەرێکی جیھانییە بۆ شەفافییەت لە کەرتی دەرھێناندا و جەخت لەسەر ئەو بڕە پارانە دەکاتەوە کە کۆمپانیا نەوتییەکان دەیدەن بە حکومەت و ئەو پارانەشی کە حکومەت لە کۆمپانیاکان وەریدەگرێت پاش بەرواردکردنیشیان رادەی شەفافییەتی بۆ دەردەکەوێت.
ھەرێمی کوردستانی عێراق لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق لە ٢٠٠٣ وەکو ھەرێمێکی دەوڵەمەندی نەوتیی نوێ لەناوچەکە ناوبانگی دەرکردووە. حکومەتی ئەم ھەرێمە پێشبینی دەکات لە ساڵی ٢٠١٥ بتوانێت یەک ملیۆن بەرمیل نەوت ھەناردەبکات و لە ساڵی ٢٠١٩ ئەو بڕە دەگاتە ٢ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. بڕی ئەو یەدەگە نەوتییەشی ھەیەتی دەگاتە ٤٥ ملیار بەرمیل، لەگەڵ سێ تریلیۆن مەترر سێ جا غازی سروشتی.
دکتۆر کاوە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد کە لە کابینەکانی دوایی حکومەتدا، ھەرێمی کوردستان ویستوویەتی بچێتە نێو دەستپێشخەری شەفافییەتەوە بۆ ئەوەی زانیارییەکانی خۆی لەبارەی سامانە سرووشتییەکان بخاتە نێو راپۆرتەکە و بڵاوبکرێتەوە، بەڵام بە قسەی ئەو، ئەو ھەنگاوانە ھەرچەندە گەورەبوون، بەڵام ھەموو جارێک بەھۆی ھەندێک عەرەبی شۆڤینی کە نایانەوێت ھەرێم پشکی لەو راپۆرتە ھەبێت و دەیانەوێت ھەموو شتێک بەسەرپەرشتی ئەوان ببێت، چوونە نێو راپۆرتەکە گرفتی تێکدەکەوێت.
ھەروەھا چوونی ھەرێم بۆ نێو راپۆرتی شەفافییەت بە ھۆکارێکی زۆر گرنگ ناودەبات بەتایبەت بۆ راکێشانی کۆمپانیا بیانییە نەوتییەکان و دابینکردنی خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ ھاوڵاتییانی ھەرێم.
بەپێی پێوەرەکان دەبێت دەستپێشخەرییەکە ساڵانە راپۆرتی لەسەر سامانە سروشتییەکان ھەبێت، بەڵام عێراق تەنیا لە ساڵی ٢٠٠٩ و ٢٠١٢ دا راپۆرتی پێشکەشکردووە.